پڕۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و مووچەی هەزارانی دیکەی نایاسایی دەبڕێت

 ((خۆر))-

چاودێران پێیانوایە ئەو ھەنگاوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە لە بڕینی مووچەی نایاسایی ناویەتی، ھەنگاوێكی گرنگ و زۆر باشە و دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەنگاوی دیكەی بەدواوە بێت و دەستپێكێكە بۆ چاكسازییەكی گشتگیر.

بەپێی زانیاریەکان کاتێک کە پرۆسەی بایۆمەتری ئەنجام دراوە، دەركەوتووە خەڵكانێكی زۆر دوو مووچەیان ھەیە و ئێستا لە یاسای چاكسازی ئەو ھەنگاوە جێبەجێ دەكرێت و مووچەیان دەبڕێت، كە بە بڕوای چاودێران ئەوە ھەنگاوێكی زۆر باشە و دەبێتە پاڵنەرێكی باش بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، چونكە لە ساڵی ڕابردوودا كۆمەڵێك كۆسپ ھەبوون بە ھۆی نەخۆشیی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی دەوامی فەرمانگەكان، بەڵام ئێستا كە ھەر لە سەرەتای ساڵەوە ھەنگاوەكان دەستیان پێكردووە، زۆر گرنگە.

ئابووریناسانیش ئەوە ھەنگاوێكی باش لە ڕووی ئابوورییەوە دادەنێن و پێیانوایە داھاتێکی باش بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە.

جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە كە کابینەی نۆیەم كارایە و دەستی بە چاكسازی كردووە، چونكە ئەوەی حكوومەت دەیكات، باشتركردنی كاروباری حكوومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشترە بە خەڵكی ھەرێمی كوردستان.

Back to top button