پڕۆژەیەکی زۆری ڕێگاوبان لە سنووری هەولێر جێبەجێ دەکرێت

((خۆر))- هەولێر

بەڕێوەبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر گوتی، ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی چاککردنەوەی ڕێگا و پردەکان ئامادە کراون و ئەمساڵ زۆرترین پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت و ئەو ڕێگا و پردانەی بەھۆی بارانەوە تێک چوون، نۆژەن دەکرێنەوە.

بەڕێوەبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر، عیماد دڵشاد، گووتیشی: “پڕۆژەیەکی زۆر لە سنووری پارێزگای ھەولێر ئامادە کراون و پێشبینیش دەکرێت لە ساڵانی ڕابردوو زۆر زیاتر جێبەجێ بکرێن، چونکە ژمارەیەکی زۆری پڕۆژەی ڕێگاوبانمان ئامادە کردووە.”

عیماد دڵشاد گوتیشی: ”سێ جۆر پڕۆژە ھەیە جێبەجێ دەکرێن، ھەیە پەیوەندیی بە پارێزگای ھەولێر ھەیە و ھەشە پەیوەندیی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ھەیە و ھەشە پەیوەندیی بە قەپانەوە ھەیە بۆ ڕێگا سەرەکییەکان بەکار دێت.”

دڵشاد باسی لەوەش کرد: ”ئێستا ٢٧ پڕۆژە لەسەر بودجەی پارێزگای ھەولێر بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان ئامادە کراوە و تەنھا ماوە دەستیان پێ بکەین و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست پێ دەکەین.”

بەڕێوەبەری چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: “٢٤ پڕۆژەی گەورەی ڕێگاوبانیش ئامادە کراوە لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ئەمانە پڕۆژەی خێران و ھەرکاتێک ڕەزامەندییان لەسەر درا دەست بە جێبەجێکردنی ئەوانیش دەکرێت.”

گوتیشی: ”جگە لەوەش کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەمان ھەیە کە پێیان دەگوترێت پڕۆژەی ئاسایی، ئەوانیش بڕیارە جێبەجێ بکرێن.”

دڵشاد عیماد باسی لەوەش کرد: ”ھەمووی ئەو جادانەی بەھۆی وەرزی بارانەوە تێک چوون، نۆژەن دەکرێنەوە و پردەکانیش بە ھەمان شێوە و تەنھا ئەمساڵ ئەو پردانەی تێک چوونە و چاک کراونەتەوە نزیکەی ١٣ پردن.”

Back to top button