پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە دەوروبەری بەنداوی دھۆک جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک ئاماژەی پێ کرد: ماستەرپلانی گەشتوگوزاری بۆ دەوروبەری دھۆک دیار دەکرێت و  پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە دەوروبەری بەنداوی دھۆک جێبەجێ دەکرێت.

فەرھاد محەمەد تاھر، ڕایگەیاند: بەگوێرەی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ سوود وەرگرتن لە بەنداوی دھۆک لەسەر فەرمانی پارێزگاری دھۆک لیژنەیەک بۆ دانانی ماستەرپلانی گەشتیاری بۆ دەوروبەری دھۆک پێکهاتووە، لایەنە پەیوەندارەکانی تێدا بەشدارن و لە ھەوڵداین پڕۆژەیەکی ستراتیژی ڕێکوپێک لە دەوروبەری بەنداوی دھۆک دروست بکەین، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دهۆک لە لیژنەیەکە ئەندامین.

فەرھاد محەمەد تاھر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پڕۆژەکە لەڕووی گەشتیاری و وەبەرھێنانەوە سوودێکی زۆری دەبێت و کاریگەری لەسەر شاری دھۆک دەبێت، بەبێ ئەوەی پڕۆژەکە  ھیچ کاریگەری نەرێنی بخاتە سەر ئاوی بەنداوی دھۆک، دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەڕووی ھاتنی گەشتیار بۆ بەنداوی دھۆک کاریگەری خۆی دەبێت و دیمەنێکی جوانیش دەبەخشێتە بەنداوەکە و سەنتەری شاری دھۆک.

Back to top button