پڕۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ( تورکیای ) گەورە !

پڕۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە ، پڕۆژەیەکی ئەمریکیە بۆ داڕشتنەوەی سنورەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەلە دوای پڕۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دانرا .

لە پاکستانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە باکوری ئەفریقیا ، لەم پڕۆژەیەدا وڵاتە گەورەکان ھەڵدەوەشێنەوە و دەوڵەتی بچووک بچووکی لێ دروست دەبن لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئاینی ومەزھەبی .

بەمەبەستی جێ بەجێ کردنی ئەم پڕۆژەیە ئەمریکا پەنای بردە بەر بەکار ھێنانی (ئاشوبی بەدیھێنەر) ، واتا ھەڵگیرساندنی ئاشوب بەمەبەستی دووبارە بونیات نانەوە ، کەمەبەست لێی ئەوە بۆنمونە تۆ شارێک بڕوخێنی و سەرلەنوێ دروستی بکەیەوە بەو شێوەی کەخۆت دەتەوێت .

ئەمریکا ھەوڵیدا وڵاتان دابەش بکات و سیستەمەکانی ناوچەکە بۆ سیستەمی دیموکراسی بگۆڕێت و سنورەکان دووبارە دابڕێژێتەوە بەڵام چەند گۆڕانکاریەک ڕوویاندا وەک ھاتنی رووسیا لەڕووی سەربازیەوە بۆ ناوچەکە و ھاتنی چین لەڕووی ئابوریەوە.

لەم نێوەندەدا تورکیا دەستی کرد بەجێ بەجێکردنی قوڵایی ستراتیژیەتی نوێ کە ئامانج لێی زیندوو کردنەوەی خەلافەتی عوسمانیە .

ئەردۆغان سودی لە ئاشوبەکەی ئەمریکا وەرگرت و پەلی ھاوێشتە ناوچە جیاجیا کان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست چ لەڕووی ناردنی ڕاستەوخۆی سەرباز وە یاخود لەڕێی (بە ھاوپەیمانی کردن ) .

ئێستا تورکیا لە کەنداوی عەرەبی و عێڕاق و سوریا و لیبیا و سودان سەربازی ھەیە و بەھێزەوە لەو ناوچانەدایە ، ھەروەھا ھێزی ئاسمانیی ڕەوانەی ئازەربێجان کردوە ، بۆ ئەتۆمیش پشتی بە پاکستان بەستوە و وەک ھاوپەیمان لەگەڵیدا ھەڵسوکەوت دەکات .

ئەردۆغان ڕێک سنورەکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی دروست کردوە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ پڕۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی تورکیای گەورە ، بەڵام پێچەوانەی پڕۆژە ئەمریکیەکە لەجیاتی دابەش کردن و بچوک کردنەوە ، یەکگرتن و گەورەکردن جێگەی دەگرێتەوە.

فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکا بەجدی دژی ئەو ھەوڵەی تورکیا کاردەکەن و تەنانەت سەربازیشیان جوڵاندوە بەتایبەت لە دەریای ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا ، بەڵام ئەوەی جێگای گومانە بێ ھەڵوێستی بەریتانیایە !!.

ڕوسیا و چین بەتەواوەتی پشتگیری تورکیا دەکەن لەسەر ئەم پرسە ئەمەش بۆ دژایەتی کردنی ھەژموونی ئەمریکایە لەو ناوچەیە ، ڕەنگە بۆ سەرخستنی پڕۆژەکەی خۆی ئەردۆگان بەڵێنی بەو دوو وڵاتە دابێت کە سامانی ناوچەکە ئەوەی بۆ ئەمریکا بێت بەوان بدرێت.

بەڵام لێرە پرسیارەک دروست دەبێت ، ئایا ئەمریکا وا بەئاسانی ناوچەکە ڕادەست دەکات ؟! ، بۆیە پێشبێنی جەنگێکی گەورە دەکەم دوور یا نزیک.

کورد پێویستە لەئێستاوە کار بکات بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانە ، پێویستە ئامادەکاری بکات بۆ سەرکەوتنی ھەر کام لە پڕۆژەکانی ئەم ناوچەیە.

ڕەنگە بڵێن ئەی ئێران چی ؟؟!! ، من وادەبینم ئێرانیش بەشێکە لە پاوەن خوازیەکەی تورکیا دوور یا نزیک ، وەیاخود ڕەنگە وەک سەفەویەکانی پێشوو قەتیس بکرێن !!.

شکست پێ ھاتنی پڕۆژەی ئەمریکا لەناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە ھەڵەکانی دۆناڵد تڕامپ ، ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمریکا چارەنوسەکان یەکلایی دەکاتەوە و شکست یا سەرکەوتنی پڕۆژەکان دەردەکەوێت .

چەند تێبینیەک:

•ئەمریکا بیەوێت نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بەبیانوی پەلھاوێشتنی تورکیا بێنێتەدی لەڕێگەی دروستکردنی جەنگەوە ولاتانی ناوچەکە دژی تورکیا

•تورکیا پڕۆژە ئەمریکیەکەی بۆخۆی بەکار بێنێت بەڵام بە بەرگێکی تر

•بۆ دەست بەسەرداگرتنی ناوچەکە ( چین و ڕوسیا ) تورکیا بەکار بێنن

ھەکار عبدالغنی مزووری
توێژەری سیاسی

Back to top button