پیاوەكانی لاهوور جەنگی جارێكی دیكە ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی دروست دەكەن

((خۆر))-شاڵاو عەلی

پاش دەستپێكردنەوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی شاری سلێمانی، پیاوەكانی لاهوور جەنگی بە هەلیان زانیوە لەم ڕێگەیەشەوە پارە بۆ خۆیان پەیدا بكەن و ئەو زەوییانەیان داگیر كردووە كە شەقامەكەی پێدا دەڕوات، بەمەش كێشەیان بۆ پرۆژەكە دروست كردووە، چونكە پێشوەختە ناوی ئەو كەسانە تۆمار كراوە كە خاوەنی زەوی و موڵكەكانی سنووری شەقامەكە بوون.
بەهۆی ئەم كارەی پیاوەكانی لاهوور جەنگییەوە، ڕۆژی ٢٤ی ١ی ٢٠٢١، ڕەمەزان نامیق، سەرۆکی لێژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دانی بەوەدا نا كە ھەندێک کەس “بە عەنتەری” زیادەڕۆییەکانیان لەبەردەم پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری لانابەن و مەبەستی لەو كەسانە، پیاوەكانی نیو سەرۆك لاهوور جەنگی بوو.
بەپێی زانیارییەكان، پیاوەكانی لاهوور نەك هەر بەوەندە نەوەستاون، بەڵكوو فشاریان كردووە و هەڕەشەی جۆراوجۆریان لە پرۆژەكە كردووە، لە ئەنجامیشدا هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ناچار بووە سێ ڕۆژ لەمەوبەر پرێس كۆنفرانسێك ئەنجام بدات و رای بگەیەنێت كە قەرەبووكردنەوە و دیاریكردنی ئەوانەی خاوەنی زەوییەكانی سنوورەكەن، لێژنەیەكیان بۆ پێكهێندراوە و داوای لە هاووڵاتیان كرد، بە ئومێدەوە سەیری شەقامەكە بكەن.
هەر بەهۆی ئەم ڕێگرییانەوە، فاخر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری داوای كرد كە هەوڵی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بدرێت تاوەكوو نەبێتە هۆی دووبارە وەستانەوەی پڕۆژەكە.
ئەو زەوییانەی دەكەونە سەر شەقامی ١٠٠ مەتری، زەویی كشتوكاڵین و لە ڕووی یاساییەوە نابێت مامەڵەیان پێوە بكرێت و موڵكی حكوومەتن و هەر كاتێكیش حكوومەت پێویستی بە زەوییەكەی بێت، دەتوانێت بەكاری بهێنێت، كەچی پیاوەكانی لاهوور جەنگی ئیدارەی سلێمانییان ناچار كردووە، نەك هەر قەرەبوو بدەن، بەڵكوو بۆ هەر پارچە زەوییەك، دووجار قەرەبوو بدەن، جارێك بەو كەسەی كە گرێبەستە كشتوكاڵییەكەی بەناوەوەیە، جارێكیش بە خۆیان كە دەستیان بەسەر زەوییەكاندا گرتووە.

Back to top button