پێدانی كارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە

بەكۆتاییهاتنی قۆناغی یەكەمی پرۆسەی چاكسازی كۆمپانیای داناغاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بەشێكی زۆری توانای بەرهەمهێنانی كارەبا گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، قۆناغی یەكەمی پرۆسەی چاكسازی كۆمپانیای داناغاز لە كێڵگەی كۆرمۆر كۆتایهاتوەو بڕیارە قۆناغی دوەمی پرۆسەكە تا رۆژی 16-6 تەواو بێت و دۆخی كارەبا بە تەواوەتی ئاسایی بێتەوەو بڕی بەرهەمهێنان بگاتە 4 هەزارو 200 مێگاوات.
راشیگەیاندوە، كۆمپانیای داناغاز لە رۆژی 22-5ی رابردو دەستی بە پرۆسەی ساڵانەی چاكسازی لە كێڵگەی كۆرمۆر كردو بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا یەك هەزار مێگاوات كەمبوەوەو كۆمپانیاكە رۆژانە 150 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات.
باسی لەوەشكردوە، وەزارەتی كارەبا لە ماوەی پرۆسەی چاكسازییەكەدا هەوڵیداوە كەمبونەی بەرهەمهێنانی كارەبا كەمترین كاریگەری بەسەر هاوڵاتیانەوە هەبێت، بەهۆیەوە پێدانی كارەبای بە كارگە گەورەكان راگرتوە.

Back to top button