پێشبینی دەکرێ دیناری عێراقی وەکو تمەن و لیرە بەهاکەی لەدەست بدات

((خۆر))-

پسپۆڕێکی ئابووریی عێراقی پێشبینی دەکات، دیناری عێراقی وەکو تمەن و لیرە بەهاکەی لەدەست بدات، ڕای دەگەیەنێت دەوڵەتی عێراق لە رووی ئابوورییەوە، بەرەو کۆتاییە.

مازن ئەلئەشیقەر، پسپۆڕی ئابووریی عێراقی بە میدیاکانی ناوخۆی وڵاتەکەی راگەیاندووە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، دیناری عێراقی هاوشێوەی تمەنی ئێرانی و لیرەی سووری، بەهای لەدەست داوە.

مازن ئەلئەشیقەر پێشبینی کردووە لە ساڵی 2021 بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بگاتە 200 هەزار دیناری عێراقی و قەیرانی نەبوونی پارە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، بەردەوام بێت.

ئەلئەشیقەر بە پێویستی دەزانێ حکوومەتی عێراق ئیدی پشت بە کەرتی تایبەت ببەستێ، ئەگەرنا ”دەوڵەتی عێراق لە رووی ئابوورییەوە کۆتایی دێت“.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە  ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە تەنیا بەتایبەتکردنی کەرتەکان لە عێراق دەتوانێ بە هەدەردانی سامانی وڵات رابگرێ، چونکە ئەو کەرتە ”دزی لەخۆی ناکات“، وەک ئاماژەیەک بۆ دزرانی بەشێکی زۆری داهاتی عێراق لەلایەن حزب و میلیشیا چەکدارییە باڵادەستەکانی ئەو وڵاتە.

Back to top button