پەتای ڤایرۆسی ئەدینۆ(Adeno virus)

ئەو پەتایەی كە ئێستا بەشێك لە منداڵان تووشی ئەبن كە بە هەڵامەت و چاو سووربوونەوەو هەندێكجار سكچوون و ڕشانەوەی لەگەڵدایە چیەو چارەسەرەكەی چیە؟

پەتای ڤایرۆسی ئەدینۆ(Adeno virus)؛
ئەم پەتایە ڤایرۆسیە ، ئەكرێت منداڵان لەهەموو تەمەنە جیاوازەكان تووش ببن،چەندین زنجیرەی جیاوازی هەیە ، جیاواز لە پەتاكانی تر لەهەموو وەرزەكانی ساڵدا ئەگەری تووشبوونی هەیە.
ئەدینۆ ڤایرۆس لەوانەیە ببێتە هۆی ئەو نەخۆشیانە یان نیشانانە:

١-تا.
٢-نیشانەكانی هەڵامەت.
٣-چاو سووربوونەوە.
٤-دەنگ گڕبوون یان نووسان.
٥-هەوكردنی سیەكان.
٦-سكچوون و ڕشانەوە.
٧-هەوكردنی میزڵدان.
٨-هەندێكجار هەوكردنی مێشك یان پەردەی مێشك.
٩-بڕۆنكیۆلایتس كە لەلای دایكان و باوكان بە قەسەبات ناسراوە.
زۆربەی كات هەوكردنەكان سووكن بەڵام لەوانەیە منداڵ تووشی هەوكردنی قوڕسیش بكات.
نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەدینۆ:
نیشانەكان زیاتر پشت بە جۆری زنجیرەی ڤایرۆسەكە و ئەو ئەندانەی تووشی ئەكات ئەبەستێت.
زۆربەی كات نیشانەكانی لە شێوەی پەتای هەڵامەت ئەبێت وەكو تا،قوڕگ ئێشە،لووت تەڕی،لەگەڵ كۆكە بەڵام لەوانەیە نیشانە تریشی لەگەڵدا بێت وەكو
ئازاری چاوو سووربووبەوەی چاو
سكچوون
ڕشانەوە
ئازاری سك
زوو زوو میز كردن،ئازار لەكاتی میزدا،خوێن لەگەڵ میزدا
سەر ئێشە
ڤایرۆسی ئەدینۆ زۆر بە خێرایی ئەگواسترێتەوە بەتایبەت لە دایەنگاو خوێندنگاو نەخۆشخانە.
لەڕێگای كۆكەو پژمەو خواردنەوەی ئاوی پیس یان مەلەكردن لە هاویندا لە ئاوی پیس بڵاو ئەبێتەوە.
زۆربەی كات پێویستی بە نەخۆشخانە یان بینینی پزیشك نابێت ،تەنها بە پشووی زۆرو خواردنەوەی بڕێكی باش ئاوو فێنك كردنەوە لەكاتی بوونی تادا یان پێدانی دەرمان بۆ دابەزاندنی تا چارەسەر ئەبێت.
سووڕی ئەم ڤایرۆسە لەچەند ڕۆژێكەوە بۆ دوو هەفتە لەوانەیە بخایەنێت.
ئەگەر ئەم نیشانانەی هەبوو یەكسەر نیشانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵانی بدە:
١-تای زۆر بەرز یان تایەكەی بۆ چەند ڕۆژێك بەردەوام بێت.
٢-كێشەی هەناسەدانی هەبوو یان هەناسەی بە ناڕەحەت بۆ ئەدرا.
٣-تەمەنی بچووكتر لە سێ مانگ یان كێشەی كەمی بەرگری لەشی هەبوو.
٤-ئازاری چاوو سووربوونەوە و كێشەی بینینی هەبوو.
٥-سكچوون و ڕشانەوەی زۆر یان نیشانەی ووشك بوونەوەی هەبوو.

دكتۆر پشدەر عەبدوڵا
پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان وگەشەی منداڵان

Back to top button