پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی هیوای جاشەكان هەوڵی بەهێزكردنی بەغدا لە دژی كوردستان دەدەن

((خۆر))- شاڵاو عەلی

ئەو كارانەی لە ژێر ناوی هاوپەیمانیی هیوا دەكرێت، زیان لە هەرێمی كوردستان و پێگەكەی دەدات، پەرلەمانتارەكانیشی بە ئامانجی پاراستنی پۆست و بەرژەوەندییە كەسییەكانیان، هاوپەیمانێتییەكەیان دروست كردووە.

چاودێران پێیانوایە، په‌یوه‌ندیی كورد و ناوه‌ند هه‌میشه‌ تەمومژاوی بووه‌. زۆرجار په‌یوه‌ندیی كورد و به‌غدا به‌ هه‌ڵه‌ له‌ روانگه‌ی دوژمنداریدا خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا هه‌ر دوژمنداری نه‌بووه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ به‌شێكی كورد له‌ په‌راوێزی ململانێكانیاندا په‌نایان بۆ به‌غدا بردووه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر وەلائی كاتی و دۆستایه‌تیی كاتییان، هه‌وڵی گەیشتنیان به‌ سه‌رمایه‌ و سه‌رچاوه‌كانی ده‌وڵه‌ت داوه‌ بۆ هاوسه‌نگردنی پێگه‌یان له‌ ململانێكانیاندا له‌گه‌ڵ به‌شه‌كه‌ی تری نێو بزووتنه‌وه‌ی كوردی.

لەمبارەیەوە د. هەردی مێدی، مامۆستای كورد لە زانكۆی سۆربۆنی فەڕەنسی، لە نووسینێكدا كە بە ناونیشانی (دیدگەلێك سه‌باره‌ت به‌ گرووپی په‌رله‌مانتاری هیوا) بڵاوی كردۆتەوە، ئاشكرای كردووە، تا ئه‌مداوییه‌ش ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی كوردەكان لەگەڵ بەغدا، ته‌نها رایه‌ڵێكی سه‌ربازیی بووه‌، ئه‌و شته‌ی له‌ زمانی عامدا پێیوتراوه‌ جاشایه‌تی. ئه‌وانه‌ی پاڵیان به‌ به‌غداوه‌ داوە، بۆ به‌ ده‌ستهێنانی هاوكاری و یارمه‌تی ته‌نها‌ فۆرمێكی چه‌كداری هه‌بووه‌. به‌ڵام نوێیه‌تیی په‌یوه‌ندیی گرووپی هیوا به‌ به‌غداوه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ چه‌كداری و سه‌ربازی نییه‌، به‌ڵكو ده‌ستگاییه‌ و له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ڵك له‌ سه‌رچاوه‌ ده‌ستگاییه‌كانی به‌غداو و گه‌مه‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ لایه‌ن و گرووپه‌ شیعه‌كان وه‌ربگرن به‌ ئامانجی راستكردنه‌وه‌ و هاوسه‌نگكردنی په‌یوه‌ندیی حزبه‌كانیانن له‌گه‌ڵ پارتی له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان.

چاودێران پێیانوایە كە لە ڕێگەی ئەم گرووپەوە، بەشێك لە ململانێكانی كورد بە ناوەند دەكرێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئۆتۆنۆمیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. بەوەی تا ئێستا، هه‌رێم كایه‌یه‌كی سیاسیی ئۆتۆنۆمی هه‌بوو و تاڕادەیەكی باش خۆی ئیداره‌ی ململانێكانی ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌دا.

به‌هێزكردنی په‌رله‌مانی عێراق و گواستنه‌وه‌ی ململانێی كوردی-كوردی بەو ئامانجەیە كە لە كۆتاییدا ببیتە مایه‌ی له‌ ده‌ستدانی سه‌ربه‌خۆیی ئیداری و جڵه‌وكردنی زۆر بواری دی له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە. جگە لەوەی كارایی و به‌خشینی گڕ و تینی زیاتر به‌ دەزگاكانی ناوه‌ند ده‌دات به‌ زه‌ره‌ری هه‌رێمی كوردستان.

د. هەردی مێدی ئاشكرای دەكات كە هاوپەیمانێتیی پەرلەمانتارە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان دوو ڕەهەندی هەیە، یەكەمیان دەیانەوێ لە رێگەی بەغداوە هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی كوردستان بگۆڕن. دووەمیشیان بریتییە له‌ مسۆگه‌ركردنی شانسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و پاراستنی پۆست و پێگه‌ی په‌رله‌مانتارییان. ئه‌م ئامانجه‌ی دوایی تژییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی. له‌ كایه‌ی سیاسیدا ئه‌مه‌ باوه‌، هه‌میشه‌ پیشه‌مه‌نده‌ سیاسیه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سییان له‌ پاڵ به‌رژه‌وه‌ندی و خه‌می گشتدا ده‌شارنه‌وه‌ و خۆیان وه‌ك خۆنه‌وسیت، لێبڕاو و به‌رگریكاری خه‌ڵك و ده‌نگده‌ریان نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌مان له‌وه‌ گه‌شتوون كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یان به‌نده‌ به‌ دژایه‌تیكردنی پارتی و بره‌ودان به‌ <كولتوری-دژه‌-بارزانی>. ئه‌و ئه‌كته‌ر تاك و كۆمه‌ڵانه‌ی له‌ بیست ساڵی رابردوو بره‌و به‌ كارخانه‌ی دژایه‌تیكردنی بارزانیه‌كان ده‌ده‌ن، به‌ قه‌ولی ماكس ڤێبه‌ر، <جڤاتێكی سۆزداری> وایان به‌ ده‌وری خۆیاندا دروستكردووه‌ كه‌ ئیتر خودی خۆیان ناتوانن له‌ ڕێسا و یاسای ئه‌م جڤاته‌ ده‌ربچن و بونه‌ته‌ ئه‌سیری ئه‌م دژایه‌تیكردنه‌. به‌ مانایه‌كی دی، ئه‌م دژایه‌تیكردنه‌‌ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م بۆته‌ سه‌رچاوه‌ و سه‌رمایه‌ بۆیان، به‌و پێیه‌ی له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ناو و پێگه‌ی لێوه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنن، هه‌میش كۆمه‌ڵێ جه‌بر كه‌ ناتوانن تاعه‌تی نه‌كه‌ن له‌ هه‌ر دۆخێكدا.

Back to top button