پەرلەمانتارێک بۆ گرووپە عێڕاقچیەکە: بەم واژوو كۆكردنەتان خۆتان لە هەموو بەها و قیەمێك داماڵی

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر هەوڵەکانی گرووپە عێڕاقچیەکە و واژوو کۆکردنەوەکانیان لە دژی هەرێمی کوردستان دەڵێت “ئەوان هەوڵەکانیان نەزۆکن و بەم واژوو كۆكردنەوەیان خۆیان لە هەموو بەها و قیمەێك داماڵی”.

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند “بەداخەوە چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەئاشكرا دژی قەوارەی هەرێمی كوردستانن و بە كۆكردنەوەی واژووی چەند پەرلەمانتارێك بۆ ئەوەی حكوومەتی فیدراڵ راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكات و لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵە نەكات، ئەمەش راستەوخۆ پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، چونكە قەوارەی هەرێمی كوردستان دەستوورییەو تەنها دەتواندرێت لە رێگایی حكوومەتی هەرێمەوە مامەڵە لەگەڵ دەمەزراوەكانی هەرێم بكرێت”.
گووتیشی ” ئەم جۆرە بەناو پەرلەمانتارانە بوونەتە مایەی تێكچوونی یەك هەڵوێستی و یەك رێزی كورد لەبەغدا، لەهەمان كاتیشدا بارگرانین بەسەر خەڵك و مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان، كە جگەلە دژایەتی ئەزموونی سیاسی هەرێمی كوردستان، هیچ ئامانجێكی تریان نییە گرنگە بەم هەڵوێستە دوژمنكارانەیان دابچنەوەو واز لەموزایەدەو خۆدەرخستن بهێنن، چونكە ناكرێت مووچەو بودجەی كوردستان، بۆململانێی سیاسی و پڕوپاگندەی هەڵبژاردن بەكاربهێندرێت”.
راشیگەیاند، بەپێ یاساو دەستوور مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەشێكن لە مووچە خۆرانی عێراق، بەم واژوو كۆكردنەوەیان خۆیان لە هەموو بەها و قیمەێك داماڵداون، تەنیا مەبەستیان چەواشەكردنە و ئەم هەوڵەیان وەك سەرجەم هەوڵەكانی تریان نەزۆكانەیەو بەهیچ جۆرێك سەرناگرێت.

Back to top button