پەرلەمانتارێک: بەئاژاوەگێڕی و توندوتیژی مافی خەڵک دەستەبەر نابێت

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی خۆپێشاندانەکانی پارێزگای سلێمانیەوە ڕادەگەیەنێت کە ئەو دۆخەی هاتووەتە پێش لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندانیە و بەئاژاوەگێڕی و توندوتیژی مافی خەڵک دەستەبەر نابێت.

وەیسی سەعید وەیسی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی خۆپێشاندانی بەشێک لە هاووڵاتیانەوە لە پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاندووە” بەداخەوە بووەتە نەریتێكی ناشرین خەڵكانێك بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی و شەخسی ئاراستەی خۆپێشاندانەكان لەھەرێمی كوردستان بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار دەبن كە ئەمەش جێگای ھەڵوەستە لەسەركردنە، چونكە خۆپیشاندان مافێكی دەستووری و یاسایی ئاسایی و سروشتی ھەر ھاووڵاتێكە لە كاتی هەبوونی هەر گلەیی و گازاندەیەك بە شێوازێكی شارستانی و بەپێی یاسا “.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە کە بە ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی مافی خەڵک دەستەبەر نابێت، لەمبارەوە دەڵێت” ئەم شێوازەی كە بەداخەوە لە كوردستان بەدی دەكرێ كە باروگوزەرانی ھاووڵاتیان و مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەجیندای سیاسی و كاری توندوتیژی وتێكدان و سووتانی دامەزراوەكان و زیان گەیاندن بەشوێنە گشتیەكان بەكاردەھێندرێت مایەی سەرنج و تێرامانە كە نەك هەر خۆپیشاندان نییە بەڵكو ئاشكرایە ئاژاوە و نانەوەی دووبەرەكی لەنێوان خەڵكی كوردستان كە سەرئەنجامێكی خراپی لێ دەكەوێتەوەو نیشتیمان بەرەوسوتاندن وتێكدان دەبات “.

Back to top button