پەرەی زیاتر بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا دەدرێت

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا پەرەی زیاتر بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا دەدرێت و یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند: ”وڵاتانی ئەورووپا ئامادەن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستی بە هەندێک ڕێکاری یاسای و تەکنیکی هەیە، لەوانە پاکێجێکی بەرهەمەکانە و ئەو ماددانەی بۆ بەرهەمەکان بەکار دەهێندرێن، بۆیە پێویستە ئەو هەنگاوانە بنرێت پێش هەنگاوی کرداری و کاری باشی بۆ دەکرێت و قۆناغی باشیشی بڕیوە.”

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: ”پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەورووپا بەرەوپێش دەچێت و پەرەی زیاتری پێ دەدرێت، ئێمە وەکوو نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەین لەسەر دۆزینەوەی بازاڕ لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتیش کاتێک سەردانی برۆکسڵی کرد، ئەو باسەی لەگەڵ سەرۆکی وەزیرانی هۆڵەندا و بەلجیکیا و بەرپرسانی هەرێمەکان کردووە، بۆ ئەوەی هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە حکوومەتی هەرێم بەجددی کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات.”

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی ڕوونیشی کردەوە: ”بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا ئەو داواکارییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان پێ باشە، چونکە یەکێتیی ئەورووپا بازاڕێکی گەورەی هەیە و کێبڕکێی زۆریشی تێدایە، بۆیە ئەگەر بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆی هەرێم بدۆزرێتەوە، سوود و قازانجێکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.”

Back to top button