پەکەکە بووە بە مافیا؟

((خۆر))-

کاتێک باس لە مافیا دەکرێت، هەموو کەس رێکخراوە تاوانبارەکان، بازرگانەکانی تریاک و شەڕ و کوشتاری وەبیر دێتەوە. بەڵام مافیا سەرەتا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی بووە، هاوشێوەی دامەزراندی پەکەکە لە ٤٣ ساڵی رابردوو، لەو سەردەمەدا مافیا بزووتنەوەیەک بوو کە بۆ پاراستنی مرۆڤەکان سەریهەڵدا، واتا لە رەوشێکی دژواردا خەڵک لە دەوری مافیا کۆ بوونەوە، بەڵام دواتر مافیاکان گۆڕان و بوون بە پارێزەری بەرژەوەندیی ئاغاکان و ئەو کەسانەی کە باجیان نەدابایە زەوی و ماڵەکەیان دەسووتاندن، دواتر بەرەبەرە دەستی لە هەموو کاروباری کۆمەڵگا وەرداو دەستیان بە بازرگانیی تریاک کرد، مافیا بەوشێوەیە دروست بوو دواتر ڕۆڵ و کار و ئامانجەکانی گۆڕدران و لە بزووتنەوەیەکی پارێزەری مرۆڤایەتیەوە خۆی بوو بە سەرچاوەی تاوان و کوشتار، هاوشێوەی ئێستای پەکەکە.
چونکە، کاتێک بە وردی سەیری مێژووی پەکەکە دەکەین دەبینین کە جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان پەکەکە و مافیادا بوونی نیە. لە ئێستادا ئەو کارەی کە پەکەکە لە رێگای بەکارهێنانی چەکەوە دەیکات هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مافیادا نیە. ئامانجی دامەزراندی پەکەکە هەرچیەک بووە، بەڵام ئێستا هاوشێوەی مافیا هەڵسوکەوت دەکات و زۆر مەترسیدارە. پەکەکە بووەتە بزووتنەوەیەکی بێ پرەنسیپ و تەنها کار بۆ بەهێزکردنی خۆی و بەردەوامیدان بە چالاکیەکانی جا بە هەر شێوەیەک و بە هەر رێگایەکەوە بێت دەکات.
ئێستا پەکەکە هیچ پلانێکی بۆ پارێزگاریی لە بەرژەوەندیەکانی کوردستان نیە، سەیری مێژووی پەکەکە دەکەین دەبینین کە هەموو کارێکی کردووە تەنها لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیە حیزبیەکانی خۆی بپارێزێت، هەر کات بەرژەوەندی نەبووبێت کورد بە هەر دەستکەوتێک گەیشتبێت تێکیداوە هەربۆیەش کاتێک هەدەپە توانی ١٠٪ی دەنگەکان لە تورکیا تێپەڕێ نێت، ڕێگری لێکرد بەشداری لە حکوومەتدا بکات کە رەنگە دەیان دەستکەوتی بۆ کورد هەبوایە، ئەوەی گۆڕی بە شەڕی خەندەقەکان و پارچە پارچە کردنی شارەکانی باکووری کوردستان، لەم مافیا گەریەی پەکەکەدا ئێستا بە دەیان شار خاپوور کراون و بە دەیان هەزار مرۆڤ ئاوارەو دەربەدەر بوون، چونکە ئەگەر رێکخراوێک ئامانجی گەورەی دیاریکراوی نەبێت بە ئاسانی دەکرێ بزووتنەوەکە بەرەو لارێدا ببرێت و گەندەڵ بکرێت، بکرێت بە مافیا، پەکەکەش بۆ ئەوەی خۆی بەهێز بکات کەڵک لە چەکەکانی دەستی وەردەگرێت، کە بە شێوەی کرێگرتە دەیانکرێت.
ئێستا پەکەکە هێزێکی چەکداری مافیایی گەورەی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. هێزەکانی لە باکوور کشاندۆتەوە لە باشوور جێگیری کردوون، وەکو ئەوەی قەندیل ئیمرالی بێت، ئامێدی ئامەد بێت، پەکەکە ئیتر ناتوانێت ئەو واقێع و راستیەی خۆی بشارێتەوەو بیگۆڕێت. ئێستا بەتەواوی بۆ هەمووان روونبۆتەوە کە پەکەکە لە بەرانبەر پارەو بەرژەوەندی حیزبەکەیدا ئامادەیە هاوکاریی داگیرکەرانی کوردستانیش بکات، چونکە بووە بە مافیایەکی مۆدێرن.

Back to top button