پەکەکە بە هەڕەشەى کوشتن سەرانە وەردەگرێت…پارەکە بۆ (جەمیل بایک)ە

((خۆر))- هۆشیار عەلی
پەکەکە لە ڕێگەى پسوولەیەکى نایاسایی و دروستکراوى خۆیانەوە، پارەیەکى زۆر لە کاسبکارەکانی سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران وەردەگرێت.

بەپێی زانیاریەکانی ((خۆر)) پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کورستان لەگەڵ ئێران بارەگا و سەنگەری زۆری دامەزراندووە و لەلایەک ناوچەکە بۆ ئێران دەپارێزێت و لەلایەکی دیکەش باج و سەرانە لەو کاسبکارانە وەردەگرێ کە لەو سنوورە کاردەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رای گەیاند، تەواوی شەقامە خۆڵەکانی سنوور بە دەستی پەکەکەوەیە و هەر لۆریەکی بارهەڵگر کە پێشتر ٢٥٠ هەزاری دەدایە پەکەکە وەکو سەرەرانە ئێستا دەبێ دوو ملیۆن دینار بدات، ئەگەر نەیدات دەستگیر دەکرێت و لە دارێک دەبەسترێتەوە تاوەکو کەسوکارەکەی ئەو پارەیە دەهێنن.

پێشتر، بازرگانێک لەو سنوورە بە (ئاڤاتودەى) ڕاگەیاندبوو کە پەکەکە هەڕەشەیان لێی کردووە کە دەبێت بۆ هەر مانگەى ٢٠٠٠٠٠ ملیۆن  دینار بدەم بەوان، ئەمەش لەپاى ئەو بارانەیە کە من بە لۆرى لە ئێرانەوە دەیانهێنمە باشوورى کوردستان، لە کاتێکدا من قازانجێکى هێندە گەورەشم نییە”.
هەروەها لەو بەرگ و پسوولە گومرکییەى کە هەپەگە لە گوندی شابەدین ـى سیوەیل بۆ کاسپکارێکى کردووە، دەردەکەوێت لەپاى ڕێگەپێدان بە تێپەڕینى کەلوپەلى کاسپکارێکى ئاسایی و بچووک، پێویستە بڕیى ٥٠٠٠٠ تا  ١٢٥٠٠٠ دینار بدات، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو گومرکە فەرمی نییە و هیچ پەیوەندییەکى حکومەتى هەرێمى کوردستانییەوە نییە، بەڵکو تەنیا سەرانەیەکى بەزۆری پەکەکەیە لە خەڵکى باشوورى کوردستان و ڕۆژهەڵاتى کوردستانى دەدزێت.
بازرگانە گەورەکە باسى لەوەش کرد کە “هەڕەشەى ئەوەیان لێ کردووم کە ئەگەر ئەو پارەیە نەدەم ئەوا لە نێو شارى پێنجوێنیشدا بێت ڕەمیم دەکەم و دەمکوژن”.
کاسبکاران بۆ ئەم مەبەستەو  پێنەدانى پارە بە پەکەکە داوایان لە ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانى ناوچەکە کردووە کە “بەهانامانەوە وەرن و ڕێگرى لە پەکەکە بکەن کە ئەم پارە و داهاتە بۆ خۆیان کۆ نەکەنەوە”، بەڵام هێزە ئەمنییەکانیش ڕاستەوخۆ پێیان وتوون “ئێمە لەم ناوچەیە هیچ دەسەڵاتێکى پەکەکەمان نییە، بۆیە ناتوانین هیچتان بۆ بکەن”.
شایەنى باسە پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانى نزیک پێنجوێن تا دەگاتە خواکورک، دەسەڵاتێکى زۆرى هەیە و بەردەوام خەریکى گومرک و ڕاو و ڕووتن لە خەڵکى هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتى کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش پەکەکە “گرووپى گومرک”ى داناوە و کە لەسەرووى دە خاڵى گومرکییە لەو ناوچە سنوورییە.
ئەندامێکى پەکەکە کە ئێستا لە شارى سلێمانى دادەنیشێت و نەیویست ناوەکەى بڵاو بکرێتەوە، باسى لەوە گومرک و داهاتەکانى کرد و گوتى “من خۆم سەردەمێک بە فەرمانى سەرووى خۆم و پەکەکە لە خاڵە گومرکییەکان پارەم لە خەڵک وەرگرتووە و ئەم کارەى پەکەکەش بە پێى ویست و خواستى خۆیانە و بە دڵخواز پارەکە لە سەرەوە دەسەپێنرێت بەسەر کاسپکاراندا. دواتر لە ڕێگەى ئەنجوومەنێکەوە کە لە چوار تا پێنج کەس پێک هاتوون و بەسەر گومرکەکاندا دەگەڕێن، ڕۆژانە پارەکە کۆدەکەنەوە و ڕاستەوخۆ دەیگەڕێننەوە بۆ جەمیل بایک ـى هاوسەرۆکى کۆنگرەى جڤاتى دیموکراتیک (کەجەکە)”.

Back to top button