پەکەکە لەسەر داوای بەشار ئەسەد فشار دەخاتە سەر ئیدارەی خۆسەر

جەمیل بایک هەڕەشەی لە مەزڵوم عەبدی کردوە رێکەوتنی نەوتی هەڵوەشێنێتەوە

هۆشیار عەلی – خۆر

پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بە سەرۆکایەتی جەمیل بایک بە فەرمانی بەشار ئەسەد فشاری زۆری خستووەتە سەر ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان کە رێکەوتنی نەوتی لەگەڵ ئەمریکا هەڵوەشێننەوە.

بەپێی زانیاریەکانی ((خۆر)) جەمیل بایک ماوەیەکە چووەتە رۆژئاوای کوردستان و فشاری زۆری خستووەتە سەر مەزڵوم عەبدی کە ڕێکەوتنی نەوتی لەگەڵ ئەمریکا هەڵوەشێنێتەوە کە بەهۆیەوە بەشار ئەسەد لە پەکەکە نیگەرانە و ئەوەش نیگەرانی هاوپەیمانەکانی سووریای لێکەوتووەتەوە بەتایبەتی رووسیا و ئێران.

لای خۆشیانەوە عەلی تممی، نووسەر و سیاسەتمەداری کوردی ڕۆژئاوای كوردستان، رای گەیاندوە، کە جەمیل بایک، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)، رێ بە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات نادات، سەرکردایەتیی کەشتیی کوردی سووریا بکات بەرەو کەناری ئارامی.

دەڵێت “ پێویستە عەبدی، فەرماندەی (هەسەدە)، پەیوەندیی پرۆژەکەیان بە پارتی کرێکارانی کوردستان بپچڕێنێ”.

لای خۆشیانەوە، لە هەفتەی رابردوو، هۆشەنگ ئۆسی، نووسەری ڕۆژئاوای كوردستان لە وتارێكدا كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی “فەیسبووك” بە زمانی عەرەبی بە ناوی “جەمیل بایك لە قامیشلۆ” بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی داوە: “بەپێی ئەوەی پێم گەیشتووە، جەمیل بایك لە قامیشلۆیە، ئەگەر ئەمە ڕاست بێت كە بە زۆری راستە، ئەمە مانای وایە كە ناكۆكیی نێوان پەكەكە و مەزڵووم عەبدی و هاوڕێكانی گەیشتۆتە قۆناغێك گەڕانەوەی نەبێت، واتە جەمیل بایك هاتووە بابەتەكە بە شێوەیەكی یەكجاری یەكلا بكاتەوە. ئەمەش ناكرێت تەنیا بە هەماهەنگی و پشتیوانیی ڕژێمی سووریا نەبێت”.

باسیشی لەوە كردووە كە كردارەكانی تیرۆركردنی كەسایەتییە عەشایەرییەكانی ناوچەی جەزیرە، ڕژێمی ئەسەدی لە پشتەوەیە و دەیانەوێت عەرەبەكان لە مەزڵووم عەبدی هان بدەن. هاوكات بەردەوامیی بە سەربازكردنی منداڵانیش پەكەكەی لە پشتەوەیە كە بەهەمان شێوە ئامانجیان مەزڵووم عەبدی لە بەردەم دامەزراوە و لایەنە نێودەوڵەتییەكان ئیحراج بكەن.

هۆشەنگ ئۆسی نووسیویەتی: “رەنگە جەمیل بایك خەون بە گەڕانەوەی بۆ دیمەشق و ژێر پارێزگاریی ڕژێمی ئەسەدی كوڕ ببینێت، وەك ئەوەی ئۆجەلان پێش ٢٠ ساڵ كردی. بایك پێیوایە كە ڕژێمی ئەسەدی كوڕ لە لایەن ئێران و ڕووسیاوە پارێزراوە، دۆخی باشترە لە ڕژێمی حافز ئەسەد كە ناچاربوو ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٨ دەربكات و ڕێككەوتنی ئەدەنە مۆر بكات و سازش لەسەر لیوای ئەسكەندەروون بۆ توركەكان بكات”.

ئەو نووسەرەی ڕۆژئاوای كوردستان ئاشكرای كردووە كە “حزبی پەكەكە نەماوە، تەنیا چەند گرووپێكی زۆر بچووكی هێزەكانیان لە چیاكانی قەندیلن، واتە تۆپبارانی توركیا یارییەكە لە یارییەكەدا. پەكەكە بەشی هەرە زۆری گرووپە چەكدارییەكانی بۆ كوردستانی ئێران گواستۆتەوە و ئێستا دەستدرێژی دەكاتە سەر حزبە كوردییەكانی ئێرانیش لەوێ. بەشێك لەو هێزانەی چوونەتە ناوچەی شنگال و خێوەتگەی مەخموور، ئەمەش لەگەڵ بەغدا و تاران، سەركردایەتیی پەكەكە لە ناوچەكانی ژێر هەژموونی یەكێتین، ئەوەش دیسان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕژێمی ئێران”.

ئۆسی پێیوایە كە ناوچە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان گەیشتوونەتە قۆناغێكی گەرمی یەكلاكەرەوە، “بوونی جەمیل بایك واتای ئەوەیە كە هەموو هەوڵەكانی سەبری ئۆك، موراد قەرەیلان و دۆران كاڵكان بۆ ڕازیكردنی مەزڵووم عەبدی بە گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی حزبەكە و پابەندبوون بە بڕیار و ئەجێنداكانی، شكستیان هێناوە. جەمیل بایك لە ڕۆژئاوایە تا بابەتەكە بە یەكجاری یەكلا بكاتەوە، ئەگەریش ئەمە پێویستی بە چارەسەری سەربازی و خوێناوی بێت”.

لەبارەی ئەگەری دەستبردنی جەمیل بایك بۆ چارەسەری سەربازی بەرامبەر بە كەسێكی وەك مەزڵووم عەبدی، ئەو نووسەرەی ڕۆژئاوای كوردستان بەڵگەی بە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانیی كریس كۆچێرا، رۆژنامەنووسی فەڕەنسی لەگەڵ ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩ كردووە كە لە گۆڤاری (الوسط)ی لەندەنی بڵاو كراوەتەوە و مانگێك پێش ئەوەی دەستگیر بكرێت، ئۆجەلان، جەمیل بایكی بەوە تۆمەتبار كردووە كە فەرمانی كوشتنی هاوڕێ بریندارەكانی دەركردووە و هەروەها كوشتوونی. بۆیە “بەپێی ئەو تۆمەتەی ئۆجەلان بێت، بایك تاوانباری جەنگە، هەر كەسێك فەرمانی كوشتنی بریندارانی دوژمن بدات تاوانباری جەنگە، چ جای كوشتنی هاوڕێ بریندارەكانی؟”.

لە كۆتاییدا ئۆسی نووسیویەتی: “ئەوانەی دەتوانن ئەم بابەتە یەكلا بكەنەوە، نوورەدین سۆفی، باهۆز ئەرداڵ، ئیلهام ئەحمەد، فەوزە یوسف و ئەوانیترن، ئاڵدار خەلیلیش یەكلا بۆتەوە كە پیاوی جەمیل بایكە. مەزڵووم عەبدی و ئەوانەی لەگەڵیدان، بە قۆناغێكی قورس و یەكلاكەرەوەدا تێپەڕ دەبن، قۆناغێك كە دەبن یان نابن، هەمان شتیشە سەبارەت بە جەمیل بایك و پیاوەكانی لە ڕۆژئاوا”.

دەشڵێت: “لێدوانەكانی ئەم دواییەی جەمیل بایك تەئكیدیان لە زۆر شت كردەوە كە پێشتر باسم كردوون. هەروەها هەواڵی بوونی بایك لە ڕۆژئاوا و ئەگەری چوونی بۆ دیمەشق یان دیداری لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی سووریا لە فڕۆكەخانەی قامیشلی، زۆر ئەگەرێكی بەهێزن”.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر جەمیل بایك بە فەرمی دژایەتیی خۆی بۆ ڕێككەوتنی ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە بارەی نەوتی رۆژئاوای كوردستان راگەیاندبوو.

Back to top button