پەکەکە لە شنگال چی دەکات و بۆ بەجێیناهێڵێت؟

لەدوای هاتنی داعش بۆ شنگال و کوشتوبڕکردنی ئێزیدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤، پارتی کرێکارانی کوردستان، (PKK)، بەناوی پارێزگاریکردن لە ئێزیدیەکان هاتە شنگال، بەڵام ئێستا ٨٥٪ی ئێزیدیەکان ئاوارەن و لەبەربوونی پەکەکە و حەشدی شەعبی ناگەڕێنەوە سەر ژیان و ماڵی خۆیان.

زانیاریە رۆژنامەوانیەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە چەندین هۆکار مانەوەی پەکەکەی بە شنگال بەستوەتەوە کە هەندێکیان هەژموونی ئیقلیمی و بەشێکیان پەیوەندی بە بازرگانیکردنی قاچاخی بەرپرسانی پەکەکەوە هەیە.

ڕووداوی هاتنی داعش بۆ شنگال و ئەو کارەساتە تراژیدیەی بەسەر ئێزیدیەکاندا هات، بە دەرکردنی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کۆتایی نەهات، چیرۆکی مانەوەی پەکەکە لە شنگال ئێزیدیەکانی وەکو قوربانی بەردەوامی مانەوەی داعش لەو قەزایە هێشتەوە، چونکە ئێزیدیەکان دوای داعشیش نەیانتوانی بەهۆی بوونی پەکەکە و حەشدی شەعبی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانیەکان، لە شنگال پەکەکە چەندین بارەگای هەیە هەر بارەگایەکی بەناوێکەوە کردووەتەوە و بەرپرسی تایبەتی خۆی بۆ داناوە، کە هەریەکەیان کاروبارێکی تایبەت بۆ قەندیل هەڵدەسوڕێنێ، هاوکات شاخی شنگالی لە چەندین شوێنەوە کونکردووە و تونێلی گەورەی تیادا لێداون کە بە ملیۆنان بلۆک و کەلوپەلی بیاناکردنی بۆ براوەتە ناوەوە کە بەهۆیەوە ئەزمەی گەورەی نەبوونی بلۆک و کەلوپەلی بیناسازی لە قەزاکە دروستکردووە و هەر خۆشیان سەرانی پەکەکە و حەشد بەنرخی زۆر گران بلۆک و کەرەستە بیناسازیەکان دەفرۆشنەوە بە هاووڵاتیانی ناوچەکە، واتا خۆیان سەرچاوەی ئەزمە و هەر خۆشیان فرۆشیارن.

هەر بەپێی زانیاریەکان، لە ژێرەوەی شاخەکەش پەکەکە عەمباری گەورەی هەڵگرتنی چەک، کەلوپەل و ماددەی هۆشبەری دروستکردووە، بەشێوەیەک ئەو چەکانەی لە عێراقەوە بە قاچاخ دێن لەو عەمبارانەی شاخی شنگال هەڵدەگیرێن و دواتر بە شێوەی قاچاخ ڕەوانەی سووریا دەکرێن، سەرکردەکانی پەکەکە لەم ناوچەیە بوون بە بازرگانی گەورەی رەوانەکردنی ماددەی هۆشبەر و چەکی قاچاخ.

کە بەپێی هەندێ سەرچاوەی رۆژنامەوانی، لەسەرەوەی شاخەکەش ماددەی هۆشبەر چێنراوە و هەندێ لە چەکدارانی پەکەکە کاریان تەنیا چاودێری و پاسەوانەکردنی ئەو کێڵگانەیە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە کەس نادرێ نزیکی ئەو ناوچانە ببنەوە.

هاوکات، جگە لەو بازرگانییە قاچاخە، ئێستا سەرکردەکانی پەکەکە لە شنگال دەستیان بە کڕین و فرۆشتنی زەویە کشتوکاڵییەکانیش کردووە و بە عەرەب و ئەو ئێزیدیانەی دەفرۆشتن کە لە قەزاکە ماونەتەوە کە ئەوەش لە داهاتوو کێشەی گەورەی زەویوزار لە نێوان ئێزیدیەکان و ئێزیدیەکان لەگەڵ عەرەبە هاوردەکانی ئەو ناوچەیە دروست دەکات کە لەلایەن پەکەکەوە زەویان پێفرۆشراوە.

هەربەپێی زانیارییەکان، شنگال لە ئێستا بۆ پەکەکە جگە لەوەی شوێنێکی ستراتیژ و سەرەڕێگەیە بۆ سووریا ناوچەیەکی فراوانە بۆ لە خشتەبردنی گەنجان و مێردمنداڵان و رەوانەکردنیان بۆ قەندیل بەتایبەتی ئەو منداڵ و گەنجانەی کەسوکاریان بە دەستی داعش بوون بوون بە قوربانی و ئیستغلالکردنیان ئاسانە، جگە لەوەش دەیان کچ و منداڵیان بەنهێنی ڕفاندووە کە نزیکە لەو ژمارەی داعش وەکو کەنیزە بردوینەتە موسڵ و سووریا.

هەروەها، سوودێکی دیکەی بوونی پەکەکە لە شنگال ئەوەیە کە پەکەکە بۆ ئێزدییەکانی دەرەوەی وڵات ئاسانتر دەستی پێیان دەگات و بەناوی پاراستنی ئێزیدییەکانی شنگال و هاریکاریکردنیان سندوقی کۆمەکی داناوە، بەڵام تەواوی ئەو پارانەی کۆیاندەکاتەوە، دەچێتە قەندیل و گیرفانی بەرپرسانی پەکەکەوە، هەروەها جگە لەوەشیان ئەو خەڵکەی لەو ناوچەیە کەوتوونەتە ژێر کۆنتڕۆڵی بەئاسانی باج و سەرانەیان لێ وەردەگرێ.

هەربەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکی پەکەکە لە شنگال بوونیەتی وەکو بەشێک لە پارێزگاریکردنی لە هیلالی شیعە کە ٩٥٪ی زیاتری سەرکردەکانی پەکەکە عەلەوین و هاوسۆزیان بۆ ئێران و شیعەکانی عێراق هەیە، کە هەر ئەوەش وایکردوە حەشدی شەعبی متمانەیان پێبکەن و وەکو داردەستێکی خۆیان پەکەکە بەکاربهێنن.

کە بەشێوەیەک لایەنە شیعییەکانی عێراق بەتایبەتی حەشدی شەعبی، پەکەکەی کردووە بە ڕێگایەکی ئاسان بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە پەکەکە هاوزمان و نەتەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و دەتوانێ لە میدیاکانیەوە کار لەسەر سۆز و عەقڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، لەبەرامبەر بەوەش پەکەکە مانگانە پارەیەکی زۆر بۆ میدیاکانی و مووچەی زیاتر لە دوو هەزار چەکداری خۆی وەکو کادیرو چەکداری حەشدی شەعبی وەردەگرێت، کە ئەوەش سەرچاوەیەکی باشی داهاتە بۆ پەکەکە لە قەندیل، کە حەشدی شەعبی جگە لە مووچە ساڵانەش چەک و پێداویستی بۆ پەکەکە دابین دەکات، کە بەشێکی بۆ قەندیل دەنێردرێ.

لێرەداو دوای دەرخستنی ئەو زانیاریانە بۆ هەموو لایەک روونە پەکەکە بۆ شنگال جێناهێڵێت.

Back to top button