پەکەکە و حەشدی شەعبی ململانێی تورکیا و ئێران دەهێننە شنگال

((خۆر))- تایبەت

پەکەکە و حەشدی شەعبی لەشنگال ختوکەی تورکیا و ئێران دەدەن بۆ پێکدادانی یەکتری. شارەزایانی سەربازی و سیاسیش پێیانوایە دواجار ئەو دوو هێزە چەکدارە میلیشیایە ئاگری شەڕێکی وێرانکەر دەهێننە خاکی عێراق و شنگالەوە.

دوای ئه‌وه‌ی ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا له‌ چاوێكه‌وتنێكدا توركیای به‌پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق تۆمه‌تبار كرد و داوای كرد هێزه‌كانی بۆ ئه‌و دیو سنوره‌كانی عێراق بكشێنێته‌وه‌، فاتح یه‌ڵدزی هاوتای رایگه‌یاند، دوایین كه‌س كه‌ ئامۆژگاری ئه‌نقه‌ره‌ بكات له‌ باره‌ی رێزگرتنی له‌ سه‌روه‌ری و سنوره‌كانی عێراق، مه‌سجدییه‌.

هاوکات، گرژییه‌كانی تاران و ئه‌نقه‌ره‌ به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستان و دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی بانگهێشت كرد، ناڕه‌زایه‌تی توندی به‌رامبه‌ر به‌و لێدوانه‌ی مه‌سجدی پێڕاگه‌یه‌نرا.

 له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش باڵیۆزی توركیای له‌ تاران بانگهێشت كرد و ناڕه‌زایه‌تی خۆی له‌ باره‌ی لێدوانێكی سوله‌یمان سۆیلو وه‌زیری ناوخۆی توركیا پێگه‌یاندبوو، كه‌ ئێرانی به‌ داڵده‌دانی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تبار كرد.

توركیا بۆ شەڕکردن لە‌ دژی په‌كه‌كه‌ چه‌ندین بنكه‌ و باره‌گای سه‌ربازی و هه‌واڵگری له‌ سنوورەکانی لەگەڵ هه‌رێمی كوردستان و نه‌ینه‌وا داناوە و له‌ ماوه‌ی رابردوودا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ش رایگه‌یاندبوو، شه‌وێك له‌ پڕێكدا هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر شه‌نگال.

هاوکات هێزەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانیش هاوشانی پەکەکە بۆ شەڕکردن لە دژی تورکیا وەستاونەتەوە.

چاودێرانیش پێیانوایە ئه‌و شه‌ڕه‌ قسه‌ و گرژییه‌ی نێوان تاران و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ عێراق چاوەڕوانکراوە لەسەر بوونی پەکەکە و حەشد لە شنگال ببێتە واقع، ئەوەش دووبارە باجەکەی ئێزیدیەکان دەیدەن.

Back to top button