پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان لەئاستێکی زۆر باش دایە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان لەئاستێکی زۆر باش دایە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان 24 کونسوڵخانە و 5 ئۆفیسی نوێنەرایەتی ئەورپا و 5 کونسوڵی فەخری هەنە، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی سەر بە یونامی، وڵاتانیش بەردەوامن لە کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێ.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی،ڕایگەیاند:  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان هەنگاوی زۆر باشی ناوە، شاندی باڵای وڵاتان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، شاندی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی باڵا .. وەکو سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکان سەردانی وڵاتان دەکەن و بەشداری لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، وەکو کۆڕبەندی میونخ و داڤوس و وڵاتانی کەنداویش بەهەمان شێوە، بۆیە ئێستا پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە چەندین بواردا بایخمان پێدەدات، چونکە هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و شوێنی حەوانەوەی سەدان هەزار کەسە و شونێی پێکەوەژیانی هەموو ئاین و پێکهاتەکانە .
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: لە قۆناغی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کونسولخانەی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، بڕیارە کونسولخانەی قەتەریش لە ماوەیەکی نزیک دەست بەکار بکات، وڵاتی ئازەربایجانیش بڕیارە کونسولخانەی خۆی لە هەرێم بکاتەوە و کونسوڵخانەی ئیتالیاش ئاستی خۆیان بۆ کونسوڵخانەی گشتی بەرزکردۆتەوە و کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکەن.

دزەیی باسی لەوەشکرد: ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆتە قوارەیەک کە جێی بایەخ وشانازی دۆستانمانە و گرنگی زۆری پێدەدەن، ئەمەش بەهۆی ئەوپەیوەندییە باشەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ وڵاتان.

سەفین دزەیی گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان  حەوت وڵاتی عەرەبی کونسوڵخانەیان هەیە، کە گرنگی زۆریان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئێستا تێڕوانینیا زۆر باشە چونکە پێشتر تێروانینیان لەبارەی هەرێمی کوردستان باش نەبوو.
بۆیە ئەو کونسوڵخانانە کاریگەریان لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ بەرەو پێشچوونی هەرێم لەڕووی ئابوری، سیاسی، کلتووری و بوارەکانی دیکە، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش ئێران و تورکیا پەیوەندییەکی ئابوری بەهێزمان هەیە، جگە لەوەش پەیوەندییەکان لەگەڵ هەردوو وڵاتان برایانە و دۆستانەیە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان 24کونسوڵخانە و 5 ئۆفیسی  نوێنەرایەتی وڵاتانی ئەورپا و 5 کونسولی فەخری و ڕێکخراوەکانی سەر بە یونامی هەنە.

Back to top button