پەیکەری شەهید خەجە باوە لە شوێنی شەهیدبوونی لە هەولێر دانرا

لە 32ـەمین ساڵیادی راپەڕینی هەولێر، پەیکەری شەهید خەجە باوە، یەکەم ژن کە لە راپەڕینی هەولێردا لە ساڵی 1991 شەهید بوو، لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە شوێنی شەهیدبوونەکەی دانرا.
له‌ چوارچێوەى چالاكییه‌كانى 13ـەیە‌مین فیستیڤاڵى ئازادى و نەورۆز، ئەمڕۆ (شەممە، 11-3-2023) لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونى بنەماڵەى شەهید خەجە باوە و ژمارەیەکى زۆر لە جەماوەرى شارى هەولێر، یادی 32ـەمین ساڵڕۆژى ڕاپەرینی شارەکە بەرزڕاگیرا و، پەردە لە سەر پەیکەری شەهید خەجەباوە و دیواربەندی شەهیدانی راپەڕین لادرا.
زارا حەمەدباوە، خوشکی خەجە باوە سەبارەت بە خوشکەکەی  ڕایگەیاند “11 ئازار، خەجە باوە لە کاتی راپەرینەکە وەکو یەکەم ژن بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد و دەیگوت وەرنەدەرەوە. لە گەڕەکی برایەتی تاوەکو بەردەم باڵاخانەی حیزبی بەعس کەوتەڕێ و هانی خەڵکی دەدا، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەرخودان و جۆش و خرۆشی خەڵک”.
زارا کە لە کاتی راپەرینەکە لەگەڵ خوشکەکەیدا بەشداریی راپەرینەکەی کردووە، بە رووداوی گوت “بەیانی زوو بوو، کاتێک خوشکە گەورەکەم پێش هەموو کەس هاتەدەرەوە و بانگی خەڵکی دەکرد، بە دەنگێکی پڕ لە جۆش هاواری دەکرد خەڵکینە وەرنە دەرەوە، ئەمڕۆ رۆژی ئێمەیە، رۆژی خۆشییە. بەمشێوەیە بۆ لای پارێزگای هەولێر بەڕێکەوت”.
زارا و خوشکێکی دیکەیان لەگەڵ خەجە باوە بوون، ئەو دەڵێ “لەگەڵی بەڕێکەوتین، لەسەر شەقامی 60 مەتری گوللـەیەکە بە دەستی کەوت و لە چکەکەی سەری هێنایە خوارەوە و دەستی خۆی پێ بەست، دواتر جۆش و خرۆش گرتی و تاوەکو لەلای باڵەخانەی پارێزگا، نیشانەشکێنێکی بەعس گوللـەیەکی لە سەری دا و شەهیدی کرد”.
دوای هەواڵی بڵاوبوونەوەی شەهیدبوونی خەجە باوە، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی هەولێر دێنە دەرەوە لەدژی رژێمی بەعس و خەجە باوە دەبێتە سیمبوولی راپەرینی شاری هەولێر.
لە مەراسیمەکەی ئەمڕۆ، لەگەڵ لادانی پەردە لەسەر پەیکەرەکەی، چەند نمایشێکی شانۆیی لەبارەی راپەڕینی شارەکە و شەهیدبوونی خەجە باوە نمایشکران و باسی رۆڵی ئەو ئافرەتانەش کرا، کە بەشداری راپەڕین ببوون.
Back to top button