چارەسەر کردن بە پلازما

کونڤالسنت پلازما (Covid-19 Convalescent Plasma)

 

دکتۆر هوشیار یاسین مزوری
بەڕێوەبەری بانکی خوێن ــ هەولێر

ئایا دەزانی کە تێچووی پروسەی وەرگرتنی یەک دانە کونڤالسنت پلازما (پلازمای کەسی چاکبوەوە لە پەتای کورونا ) و ئامادەکردنی بو تووشبووانی ئەم پەتایە سەرووی نیو ملیون دینار لە سەر حکومەت دەکەوێت ؟؟؟؟
لای زوربەی ھاوولاتیان ئاشکرایە کە ئێستا لە سەرانسەری جیھان کونڤالسنت پلازما یەکێکە لە ھێلەکانی چارەسەری پەتای کورونا بەلام دلنیام زوربەیان تەنانەت کارمەندانی کەرتی تەندروستیش بێئاگان لەوەی کە تێچووی پروسەکە یەکجار زوورە و سەرووی نیو ملیون دینار لە سەر حکومەت دەکەوێت بو ھەر دانەیەک .
بەرێزان ئەم پلازمایە لە رێگای ئامێرێکی تایبەتەوە (Apheresis)وەردەگیرێت لە بەخشەرەکە بە جورێک کە گشت پێکھاتەکانی تری خوێن دەگەڕێنێتەوە بو ناو لەشی بەخشەرەکە و تەنھا پلازمایەکەی(٤٠٠ تا ٦٠٠ مل) لێوەردەگرێت بەمەش بەخشەرەکە دەتوانێت ھەر ھەفتەی جارێک پلازما ببەخشێت و لە سالێکدا دەتوانێت (٢٥) لیتر پلازما ببەخشێت.
نرخی یەک دانە سێتی ئەم ئامێرە کە تەنھا بو یەک بەخشەر بەکاردێت زیاترە لە ٤٠٠ ھەزار دینار ، جگە لەوەش پێش پروسەی بەخشینی پلازما بەخشەرەکە چەند پشکنینێکی سەرەتایی بو ئەنجام دەدرێت بو دلنیابوون لەوەی کە بەخشەرەکە توانای بەخشینی پلازمای ھەیە و پلازماکەشی دژەتەنی تێدایە ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوای بەخشینی پلازمایەکە چەند پشکنینێکی ڤایروسی بوی ئەنجام دەدرێت بو دلنیابوون لەوەی کە پلازماکە تەندروستە و ھیچ جورە ڤایروسێکی تێدانیە ، دواتر پلازمای وەرگیراو لە رێی ئامێرێکی تایبەتەوە دابەشدەکرێت بو دوو یان سێ کیسەی جیاواز بە جورێک کە ھەر کیسەیەک ٢٠٠ مل لەخو دەگرێت و پاشان کوگا دەکرێت لە ناو ئامێری فریزەری تایبەتەوە لە پلەی گەرمای نێوان سالب ٢٠ بو سالب ٨٠ پلەی سیلیزی ، جگە لەمانەش پروسەکە چەند شتێکی تر لە خو دەگرێت و ھەموو ئەمانە ھوکارن کە تێچووەکە ئەوەندە زوور بێت ، کەواتە ئێستا روون بوەوە کە چوون کوی گشتی تێچووی وەرگرتنی پلازما لە یەک بەخشەر دەگاتە سەرووی نیو ملیون دینار !!!!
ئێمە لە بانکی خوێنی ھەولێر (٤) دانە ئامێری (Apheresis) لە گەل ژمارەیەکی زوور لە سێتەکانی ئەم ئامێرانەمان ھەیە و بە پێی ستاندەردی رێکخراوی تەندروستی جیھانی پروسەی وەرگرتنی پلازما ئەنجام دەدەین و سوپاس بو خوا تاکو ئەم لەحزەیەش ھەر نەخوشێک لە ھەولێری پایتەخت پێویستی بە پلازما بووبێت توانیمانە بوی دابینبکەین و خوشبەختانە ژمارەیەکی بەرچاو لەم نەخوشانە سوودیان لێوەرگرتوە و باری تەندروستیان جێگیر بووە .
بێگومان ھەموو تووشبوویەکی کورونا پێویستی بە کونڤالسنت پلازما نیە بەلکو تەنھا بەشێک لەم تووشبووانە پێویستیان پێیە ، لێرەدا دەمەوێت داواکاری خوم ئاراستەی ئەو پزیشکە بەرێزانە بکەم کە سەرپەرشتی سەنتەرەکانی چارەسەرکردنی نەخوشەکانی کورونا دەکەن کە بە پێی رێنیشاندەری (guide line) رێکخراوی تەندروستی جیھانی داوای پلازما بکەن بو نەخوشەکان بو ئەوەی تەنھا ئەوانەی پێویستیان پێیە بویان دابینبکرێت چونکە لە کاتی ئێستادا ژمارە تووشبوان زوورە و ناکرێت ھەر تووشبویەکی لە نەخوشانە خەوێندرا پلازمای بو داوابکرێت.

Back to top button