چاودێران : عێڕاق بەتەواوی ئاسایشی خۆی لەدەستداوە و نزیک بووەتەوە لەکەوتن

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

چاودێرانی دۆخی ئەمنی ڕادەگەیەنن بەهۆی کردەوەکانی میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبیەوە، ئاسایشی عێراق تێکچوە و دۆخەکە بەردەوام بێت عێڕاق دەکەوێت.

لەسەر هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان و تیرۆرکردنی چالاکوانان و ڕفاندنی هاووڵاتیان لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە، چاودێرانی ئەمنی هۆشداری لەسەر ئایندەی عێڕاق دەدەن و پێیانوایە عێڕاق لە لێواری کەوتندایە.
لەمبارەوە عەباس ئەلحوسەینی چاودێری ئەمنی ڕای گەیاند ” سەرەڕای تیرۆرکردن و ڕفاندنی هاووڵاتیان لەلایەن میلیشیاکانەوە، ئێستا باڵادەستی ئەو میلیشیایانە گەیشتوەتە ئەوەی کەوا هەڕەشە لە دەزگا ئەمنی سەربازیەکانیش دەکرێت لە عێڕاق، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە شتێک لەو وڵاتە نەماوە بەناوی دەوڵەت بەڵکو دەوڵەتێکی میلیشیایی سێبەر دروست بووە کە باڵادەستە و ئەوەی بیەوێت لە عێڕاق ئەنجامی دەدات ” .

هەروەها بەشێکی تری چاودێران پێیان وایە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان و کاروانە دیپلۆماسیەکان ئەوەیان بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دووپاتکردوەتەوە کە میلیشیاکان حوکمی عێڕاق دەکەن و لە ئێستا دا مەترسیان لە مەترسیەکانی قاعیدە و داعش زیاترە، چونکە ئەوان لەلایەن پەرلەمانەوە دانیان پێدانراوە و تەنانەت لە پەرلەمان کوتلەیان هەیە، بۆیە ڕای گشتی چاودێران ئەوەیە کە دۆخی عێڕاق لەدەست دەرچووە و ساڵی ٢٠٢١ بەپێی گشت ئاماژەکان ساڵی کەوتنی عێڕاقە بەدەست میلیشیا چەکدارەکانەوە.

Back to top button