چاودێران لەمپەری بەردەم ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا ئاشکرا دەکەن

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

چادێرانی سیاسی هۆکاری ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە ئاشکرا دەکەن و چەند خاڵێک دەخەنە ڕوو کە پێیان وایە ئەمانە هۆکاری سەرەکین بۆ دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم رێکەوتنەکان.

لەکۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و لەسەروبەندی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ ی عێڕاق ، هەولێر و بەغدا گفتوگۆی چڕیان ئەنجامدا و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی لەسەر هەر خاڵێک کەوەک مەرج دانراوە و دەستوری بێت جێبەجێی بکات، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە هەردوو حکوومەت نیازی ڕێکەوتنیان هەیە و بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕێکەوتن کراوە ، بەڵام چەند خاڵێک هەن کەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم ئەم ڕێکەوتنانە.
لەمبارەوە هۆشیار سەلیم چاودێری سیاسی بە (( خۆر ))ی ڕاگەیاند ” گەورەترین بەربەست لەبەردەم ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق و جاش پەرلەمانتارەکانی کوردن، چونکە هەرکات رێکەوتن هەبووبێت پەرلەمانی عێراق و جاش پەرلەمانتارەکان هەوڵی تێکدانیانداوە، لەسەردەمی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی بەرەو پێشچوونی باش هەبوو لەنێوان هەردوو لادا، بەڵام بەشێک لە جاش پەرلەمانتارەکان بەهاوکاری چەند کوتلەیەکی شیعی شۆڤێنی هەمیشە کێشەیان دروست دەکرد، ئێستاش هەر هەمان ئەو کەسانە دژی شایستە داراییەکانی کوردستان وەستاون لە بودجەی ٢٠٢١دا “.
هەروەها سەعید بندیان چاودێری سیاسی یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە چەند لایەنێک لە بەغدا نایانەوێت چیتر هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت، پێشکەوتنی هەرێم بۆ ئەوان کێشە دروست دەکات و پێیانوایە ئەمە شەقام لە سیاسیەکان ناڕازی دەکات بۆیە هەر ڕێکەوتنێکیش دەبێتە هۆی ئەوەی کەوا هەرێمی کوردستان بتوانێت هەنگاوی زیاتر بهاوێت لە پێشکەوتندا بەتایبەت لەو ستراتیژیەتەی کەوا کابینەی نۆیەم دایناوە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان.

Back to top button