چاودێران هەنگاوی حکوومەت بۆ نەهێشتنی مووچەی نایاسایی و ئەنجامدانی چاكسازی بە گرنگی قۆناغەكە دادەنێن

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

کابینەی نۆیەم لەسەرەتای دەست بەکاربونیەوە دەستی بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی کردوە، یەکەم هەنگاو دەستی برد بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی لە دام و دەزگا حکوومیەکان کە لە ڕێکخستەنەوەی دەوامی فەرمانبەرانەوە دەستی پێکرد تاوەکو گەیشتە بڕینی مووچە نایاساییەکان.
وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەیەکەم هەنگاودا ١٠ هەزار مووچەی نایاسایی بڕین و لە ئێستادا دەستی ئامادەکاری دەکات بۆ بڕینی ٣٦ هەزار مووچەی نایاسایی ، چاودێرانی سیاسیش لەمبارەو پشتگیری ئەم هەوڵەی حکوومەت دەکەن.
حامیدی حاجی غالی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند ” حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارێکی باشی كردووە کە مووچەی ئەو کەسانەی بڕیووە کە دوو مووچە و سێ مووچە وەردەگرن ، دەستی حکوومەت خۆش بێت کە مووچەی ئەو کەسانە دەبڕێت ” .
هەروەها سەگڤان دۆسکی چاودێری سیاسی لەبارەی ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە (( خۆر ))ی ڕاگەیاند ” ئەمە هەنگاوێکی بوێرانەیە و لە بەرژەوەندی تاک بەتاکی کۆمەڵگایە ، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کەوا دادپەروەری بەرپاببێت و فەرمانبەران ئەوانەی کەشایستەن مووچەی خۆیان لەکاتی خۆیاندا وەربگرن چونکە بارگرانی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە و ڕەنگە حکوومەت بتوانێت لەشوێنی ئەمانە ، چەندین هەلی کار لە کەرتی گشتیدا بڕەخسێنێت بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان “.

Back to top button