چاودێرێکی سیاسی چەند نهێنیەکی مەترسیدار لەسەر ئەحمەدی حاجی ڕەشید بڵاو دەکاتەوە

واژووی لەسەر ڕێکەوتنێکی مەترسیدار کردوە

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

چاودێرێکی سیاسی چەند نهێنیەکی ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بڵاو دەکاتەوە و ئاشكرای دەکات کەوا واژووی لەسەر ڕێکەوتنێک کردوە کە لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە ئامادەکراوە بەوەی هەرێمی کوردستان لەناو ببرێت وەکو قەوارەیەکی سیاسی نەمێنێت.

موحسین جوامێر نوسه‌ر و چاودێری سیاسی، لەبارەی پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیەوە ڕایگه‌یاند ” پێویستە ئەحمەدی حاجی ڕەشید بزانێ كە خەڵك هەڵیانبژاردووە و حزبەكەی هەڵیبژاردووە تا لە بەغدا بەرگری لە كورد بكات، بۆ پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان كار بكات، بەڵام ئێستە لە بەغدا وەك نەیارێك كار دەكات” .
هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەحمەدی حاجی ڕەشید ڕێکەوتنێکی واژوو کردوە کە بە مەترسیدار دادەنرێت بۆسەر داهاتووی گەلی کورد و لەو بارەوە ڕادەگەیەنێت ” من گوتوومە و ئێستەیش دەیڵێم ئەو كابرایە واژووی لەسەر ڕێككەوتننامەیەك كردووە، کەلەلایەن هێزە شیعیەکانی حەشدی شەعبی ئامادەکراوە، ناوەڕۆكەكەی بریتییە لەوەی نابێت كوردستان بمێنێت و دەبێ وەكو 100 ساڵ پێش ئێستەی لێ بێت”.
هەروەها لەسەر گرووپی جاش ١٥ دەڵێت ” ئەو كەسانە هیچ بەرژەوەندییەكی هاوبەشیان نییە، تەنانەت لەڕووی بیروڕا زۆر لێكدوورن و تەنیا بەرژەوەندییان بریتییە لە دژایەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كەسەی سەرپەرشتی ئەو نووسراوەی كردووە، كەسێكە بڕوای بە هیچ ئاینێك نییە، نازانم چۆن ئەحمەدی حاجی ڕەشید كاری لەگەڵ دەكات”.
هەروەها ئەو چاودێری سیاسیە دەڵێت ” پرسیارەكە ئەوەیە كەسێك كە هیچ بۆ هەرێمی كوردستان وڵاتی خۆی نەكات، ئەی چی دەكەیت، بۆیە كەسێك دەست بە هەموو كون و كەلەبەرێكدا بكات، دەبێت بزانین بۆچی وا دەكات، دڵنیابە هۆكاری هەیە، هۆكارەكەی دیارە كە دژایەتی كورد و بەرژەوەندی كوردە و هیچی تر نییە”.
هەروەها چەند ئامۆژگاریەک ئاراستەی کۆمەڵی ئیسلامی دەکات و دەڵێت ” من پێم وایە كاركردن بۆ نیشتمان و لەبەریبوونی نیشتمانی ئامرازێكە بۆ مانەوەی حزب، لەناو كۆمەڵی ئیسلامیش كەسانی دڵسۆز هەن و كار دەكەن بۆ كەیسی كورد، بەڵام ئەوە بووەتە پرسیار و بە پەیامێكیش بۆ مامۆستا عەلی باپیرم نارد كە بۆچی لە هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەی بێدەنگە؟ ئایا دەرەقەتیان نایەت یان هۆكارێكی ترە، پێویستە وەڵام بدرێتەوە”.

قسەکانی موحسین چاودێر دوای ئەوە دێت کە کۆمەڵێک لە پەرلەمانتاری کوردی عیڕاقچی گروپێکیان بەناوی ( هیوا ) ڕاگەیاند ، ئەحمەدی حاجی ڕەشیدیش ئەندامی ئەو گرووپەیە و چوەتە پاڵیان، پێشتریش چەندین کاریان دژی بەرژەوەندی کوردستان ئەنجامداوە ،چالاکوانانیش ئەو گرووپە بە ( هیوایەک بۆ عێڕاق ) دەناسێنن و پێیان وایە دروست بونی ئەو گرووپە بۆ لێدانە لەبەرژەوەندی گەلی کورد لە بەغدا .

Back to top button