چاکسازیەکانی کابینەی نۆیەم ئەنجوومەنی شارەوانیەکانیشی گرتەوە

 گۆڤەندسەرکەش -خۆر
دوای بیست ساڵ بۆ یەکەم جارە ئەنجوومەنی شارەوانیەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، چاکسازیەکانی کابینەی نۆیەم تەواوی کەرتەکان دەگرێتەوە و لەنێوانیاندا ئەنجوومەنی شارەوانیەکانیش بە شێکن لەو گۆڕانکاریانەی کە لە ڕێی پڕۆژە یاسای چاکسازیەوە تەواوی پێکهاتەی گۆڕانکاریی بەسەر دادێت ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.
لەدرێژەی جێبەجێکردنی هێڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم و جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمی کوردستان ئەوە دەخاتەڕوو، لە درێژەی جیبەجێکردنی پڕۆژەی یاسای چاکسازی کە گشت بوارەکانی گرتووەتەوە لەسەر ئەو بنەمایە، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە پارێزگە و قەزا و ناحیەكان بەشێوەیەكی تر و سەرلەنوێ پێكدەهێنرێتەوە، ئەمەش بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 تایبەت بە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان و بەبڕیاری ژمارە (32) كە لە كۆبوونەوەی ژمارە (12)ی ئەنجوومەنی وەزیران لە 30/10/2019 پەسەندكرا، هەروەها لە ژمارەی 246 لە 27/1/2020 لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان و بڵاوكراوەتەوە، تێیدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دیاریكراون.

بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراون:

یەكەم:
بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە (٦) ساڵی (١٩٩٣)ی هەموارکراو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر(پلەی تایبەت) و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێریش 17 ئەندام دەبن، ڕێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان دەبێت كە دەكاتە 13 كەس و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت كە دەكاتە 4 ئەندام. بەمشێوەیە: سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی شارەوانی دەكات، ئەندامەكانی تر لە سەرۆكی فەرمانگەكان و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

دووەم:
سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن) و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەوە 13 كەس دەبن، بە هەمان شێوە رێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان كە دەكاتە 10 ئەندام و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكانە دەكاتە 3 ئەندام و ئەنجوومەنەكە، سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.


سێیەم:
شارەوانییەكانی (پلە 1) لە قەزاكان لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان 14 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 11 ئەندام. ئەوانیش 8 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 3 ئەندام لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

چوارەم:
شارەوانییەكانی (پلە 2) لە ناحیەكان لە سەرتاسەری كوردستان ژمارەیان 33 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 9 ئەندام ، 7 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەییەكان. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

پێنجەم:
شارەوانییەكانی (پلە 3) ژمارەیان 35 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 7 ئەندامن، لەو حەوت كەسە، 5 ئەندامیان بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت.

شەشەم:
شارەوانییەكانی (پلە 4) ژمارەیان 95 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 5 ئەندامن، 3 ئەندام لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش لە نوێنەری رێكخراوەكان دەبێت.
Back to top button