چاکسازی بەردەوامە: مووچەی ٣٦ ھەزار فەرمانبەری نایاسایی دەبڕدرێت

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

لەدرێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازیدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٣٦ ھەزار مووچەی نایاسایی لەھەرێمی کوردستان دەبڕێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، کە مووچەی زیاتر لە 10 هەزار مووچەخۆری نایاساییان بڕیوە. جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: “بڕیارە حکوومەت لە قۆناخی داهاتوودا مووچەی زیاتر لە 36 هەزار مووچەخۆری دیکەی نایاسایی ببڕێت.”
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “بەپێی یاسای چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە گوێرەی سیستەمی بایۆمەتری، ئەوانەی لە یەک مووچە زیاتریان هەیە مووچە نایاساییەکانیان دەبڕدرێت، وەک لە رابردووش کە لە قۆناخی یەکەم زیاتر لە 16 هەزار کەس مووچەکانیان بڕدرا، قۆناخی دووەمیش 10 هەزار و 609 مووچەخۆر مووچە نایاساییەکانیان بڕدرا لە قۆناخی سێیەمیشدا بڕیارە مووچەی 36 هەزار کەسی دیکە ببڕدرێت کە بەشێوەی نایاسایی چەندین ساڵە وەریدەگرن.”
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە قسەیەکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت ” قوباد تاڵەبانی گوتوویەتی کە کار لەسەر بابەتی 36 هەزار فەرمانبەری دیکە دەکرێت کە گوماندەکرێت بەشێوەیەکی نایاسایی دوو مووچە یان زیاتر وەردەگرن.” وەک هێڤیدار ئەحمەد باسی کرد “قوباد تاڵەبانی گوتوویەتی کە بەوردی و گرنگییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو مەلەفانە دەکەن.”
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات “هەیە لە هەرێمی کوردستان مووچەی حکومەت وەردەگرێت و خانەنشینیشە، هەروەها هەیە گیانی لەدەستداوە مووچە وەردەگرێت و کۆمەڵێک کەسی دیکەش کە بە نایاسایی مووچە وەردەگرێت، ئەوانە هەموو لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا مووچەکانیان دەبڕدرێت.”
سەبارەت بەوەی کە بڕینی مووچەی نایاسای فەرمانبەران چەند داهات بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنێتەوە، هێڤیدار ئەحمەد گوتی “ئەوەی گرنگە لە بڕینی مووچە نایاساییەکان ئەوەیە کە دادپەوروەری بۆ مووچە خۆران فەراهەم دەبێت. زیاتر لە 80%ی داهاتی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران دەڕوات، چاکسازیش تەنیا کۆنەکراوەتەوە لە مووچە، بەڵکو لە داهاتوو خەرجی و کارگێڕی چاکسازییشدا دەکرێت.”
بەگوتەی هێڤیدار ئەحمەد، جێبەجێکردنی یاساکە وەکوخۆی زۆر گرنگە، نەک ئەوەی کە پەلەی تێدابکرێت. دەشڵێت ” لە داهاتووشدا پێداچوونەوە بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان، پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی دیکەدا دەکرێت و ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن مووچەکانیان هاوشێوەی قۆناخەکانی یەک و دوو دەبڕدرێت.”
ئەمڕۆ دووشەممە 04-01-2021، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزیری دارایی و ئابووری مووچەی زیاتر لە 10 هەزار مووچەخۆری نا یاسایی بڕی کە لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان تۆمارکراوە.

Back to top button