چۆنێتی ئامادەکردنی کفتەی زەرد

کفتە یەکێکە لە خواردنە کوردەوارییەکان و زیاتر لە وەرزی زستاندا خەڵکی ئارەزووی دەکەن، ئامادەکردنی کاتی دەوێت و دوو جۆری هەیە زەرد و سور، لێرەدا ئاماژە بە چۆنێتی ئامادەکردنی کفتەی زەرد دەکەین.

کەرەستەکانی:

هەویرەکەی:

سێ پەرداخ برنج

یەک پیاڵە ساوەری ورد

یەک کوپ بڕوێش

ئاو بەپێی پێویست

خوێ بەپێی ئارەزوو

کەمێک قیمە

ناواخنەکەی:

نیو کیلۆ قیمەی گۆشت

پیازی ووردکراو

کەرەوز ووردکراو

بادەم و گوێز بەپێی ئارەزوو

کەوچکێک چا بیبەری تون

بەهارات ی تێکەڵ

خوێ و زەیت بەپێی ئارەزوو

سوپەکەی:

یەک پیاز

دوپەرداخ نۆک خوسابێت لە ئاودا

زەردەچەوە

خوێ

کەمێک گۆشت بۆ تامەکەی بەپێی ئارەزوو

ئامادەکردنەکەی:

بۆ هەویرەکەی، سەرەتا برنجەکە و پاڵەیەک ساوەر دەکەینە ئاو بۆ ماوەی کاتژمێرێک، بڕوێشەکە بە جیا دەشۆرینەوە و بۆ ماوەی ١٥ خولەک دایدەنێین.

دوای ئەو ماوەیە کەمێک خوێ و زەردەچەوە و کەمێک قیمە و بیبەری تونی تێدەکەین و دەیکەینە عەسارەوە، دەیکەین بە گونک و لەسەر سینییەک دایدەنێین.

بۆ ناواخنەکەی، قیمەکە دەکەینە تاوەیەک و کەمێک زەیتی تێدەکەین و پیاز و کەرەوز و بادەم و گوێزەکەی تێدەکەین دوای ١٠ خولەک، خوێ و بیبەری تون و بەهاراتەکانی تێدەکەین، دوای دوو خولەک لەسەر ئاگر دایدەگرین تاکو سارد دەبێتەوە.

بۆ سوپەکەی، کەمێک پیاز سوردەکەینەوە و زەردەچەوەی تێدەکەین نۆک و گۆشتەکە و ئاو دەکەینە ناوی، بەڵام ئەم سوپە لە بوخاردا بکرێت تاماوەکەی خۆشتر دەبێت و گۆشت و نۆکەکە جوانتر دەکوڵێن.

بۆ کفتەکان، هەویرەکان بە دەست خڕ دەکەین و ناواخنەکەی تێدەکەیت، لەگەڵیدا بۆ ئەوەی بەیەکەوە نەنوسێن دەست تەڕ دەکەیت، دوای ئامادەبوونی کفتەکان یەک یەک دەیکەینە ناو سوپەکەوە، بەڵام بە مەرجێک پێشتر سوپەکەت کردبێتە مەنجەڵێکەوە و لەسەر ئاگرێکی مامناوەند داتنابێت.

لە کۆتاییدا کفتەکان کوڵان لەسەر ئاگر دایدەگرین و لەگەڵ نان و دۆ و سەوزە و ترشیات پێشکەشی دەکەین.

Back to top button