چەکی پارەی قەرزی جووتیاران ئیمزا کرا و ڕادەستی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم کرا

دوای ئەوەی بڕیاری ناردنی پارەی قەرزی جووتیارانی هەرێمی کوردستان درا، ئەمڕۆ چەکی پارە ئیمزا کرا و ڕادەستی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا .

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند: دوای خەرجکردنی پارەی قەرزی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2015 و 2016، ئەمڕۆ چەکی پارە ئیمزا کرا و ڕادەستی ئێمەیان کرد و دواتر درایە نوێنەری وەزارەتی بازرگانی بۆ هەر پارێزگایەک بەجیا .

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،دەڵێت: دوای ئەوەی چەکی پارە دەگات چەند ڕۆژێکی پێویستە تا ڕێکارەکان تەواو دەکرێن و دواتریش پارەکە ڕەوانەی سەر حیسابی سایلۆکان دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: دوای ئەوە جووتیاران دەچنە سایلۆکان و چەکی پارەکانیان وەردەگرن و دەچن لە بانک کە بۆیان دیاری دەکرێت، پارەی خۆیان وەردەگرن کە لە هەر شارێک بانکی تایبەت بە خۆیان دیاری دەکرێت.

بری پارەی قەرزی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2015 و 2016 زیاتر لە 272 ملیار دینارە .

Back to top button