ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی لێدوانێكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایدەگەێنێ،جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نامەسئولانە و بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی.
دەقی ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ..
هەرێمی كوردستان چەندین ساڵە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر دەكات و سەرەڕای بارودۆخی سەخت و قەیرانی داراییش، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی سەرەكیی میوانداریكردنی دەیان كەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرتووە و لەڕووی ئابوورییەوە تێچوونێكی زۆر كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لای هەمووان ئاشكرایە ئەو سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەرە، لە ترسی زۆرداری و تیرۆر و بەهۆی جیاكاری و سیاسەتی تایفەگەری و نەبوونی ئاسایش و ئارامی ، ناوچەكانیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بەشی زۆریان لە كەمپەكان نیشتەجێ بوونە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سینگفراوانییەوە ، هەوڵی یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی داوە و ئەزموونێكی سەركەوتووی لە میوانداریی ئاوارەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە خستووەتە ڕوو. هەروەها هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بۆ ئەو مەبەستەش ، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ، باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەكان و خەڵكی ناوچەكە. لەگەڵ ئەوەشدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان لە ئارادایە و ئەو چاوەڕوانییە هەیە كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ ناوچەكانیان چارەسەر بكرێت.
جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نامەسئولانە و بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی. ئەم جۆرە دنیابینی و  لێدوانانە شاردنەوەی خواستی ئاوارەكان و پەردەپۆشكردنی ڕاستیەكانە و، بە هیچ شێوەیەك خزمەتی دۆخی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان ناكات. ڕاشیدەگەیێنین هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم ، بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵە لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال. بەداخەوە هەتا ئێستا ، بەناوی ئاوەدانكردنەوە ، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت. ئەگەر وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاوئاوازەكانی هێندە ڕاستگۆن و پەرۆشی ژیانی ئاوارەكانن با بێن كار بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال بكەن، ئەو كات هەم ئاوەدانكردنەوە ئاسانتر دەبێ و هەمیش ئەو ئاوەدانكردنەوەیە لە خزمەتی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان دەبێت.

Back to top button