ڕوونکردنەوە لەسەر پڕکردنەوەی فۆڕمی ئۆنلاینی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان دەدرێت

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی فۆڕمی ئۆنلاینی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان بڵاو کردۆتەوە و داوا دەکات هاووڵاتییان خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 08ـی 2023 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەموو هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە خودی خۆیان فۆڕمی ئۆنلاینی یەکەکانی نیشتەجێبوون پڕبکەنەوە و پەنا بۆ نووسینگە و شوێنەگشتییەکان نەبەن کە لەبەرامبەر بڕێک پارە ئەو کارەیان بۆ دەکەن.

ڕاشیگەیاند: هیچ خێزانێک داوای لێ نەکراوە کۆپی بەڵگەنامەکانی بکات، تەنیا بەڵگەنامە پێویستە بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانی و هیچ کۆپیەک پێشکەش ناکرێت و پێویست بە کۆپیکردنی هیچ بەڵگەنامەیەک ناکات بۆ ئەو مەبەستە.

ئەوەشی خستەڕوو کە “بۆ کارئاسانی لەڕێگەی سیستەمی  ئۆنلاینی (kamdaramet.com)ـەوە لینکی ڤیدیۆی فێرکاری دانراوە لە کاتی هەر پێویستییەک دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکان بکەن، لەو بەڕێوەبەرایەتییانەی ئاماژەیان پێ دراوە، ستاف ئامادەکراوە بۆ هاوکاری و پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ هەر خێزانێک کە خۆی توانای پڕکردنەوەی فۆڕمەکەی نەبێت، یاخود پەیوەندی بکەن لەڕێگەی بەشی سکاڵای سیستەمی یان ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی کە دانراون تاوەکو وەڵامی پێویست وەربگرن.”

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەش داوە کە “هەر خێزانێک بە ناردنی داواکارییەکەی لەڕێگەی هەژماری تایبەت بەخۆی بەردەوام تاوەکو بەردەستبوونی سیستەمی ناوبراو دەسەڵاتی پێداچوونەوەی زانیارییەکانی هەیە، هەر لەڕێگەی ئەو هەژمارەشەوە توانای وەرگرتنەوەی ئەنجامەکانی هەیە.”

Back to top button