ژنێک کە لە بوومەلەرزەکاندا هاوسەر و دوو منداڵی لەدەستدابوو لە نەخۆشخانە زانی کە دووگیانە

ژنێکی دانیشتووی شاری قەهرەمانمەڕەش کە لە بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتدا بەهۆی داڕوخانی بیناکەیانەوە هاوسەرەکەی و دوو منداڵی لەدەستدابوو لە نەخۆشخانە و لە میانی چارەسەرکردنیدا زانی کە دووگیانە.

رووبەیدا کەچەجی تەمەن ٢٩ ساڵ، لەگەڵ کوڕە پێنج ساڵەکەی کە ناوی ئاراس بوڵوت کەچەجی-یە توانیان دوای پێنج رۆژ مانەوە لەژێر داروپەردووی بیانکەیاندا بەزیندوویی رزگاریان ببێت.

لە کارەساتەکەدا هاوسەرەکەی، حاجی حەیدەری تەمەن ٣٨ ساڵ، ئاڵپ توناهانی کوڕی کە تەمەنی نۆ ساڵ بوو لەگەڵ هیرا نووری کچی کە تەمەنی هەشت ساڵ بوو، گیانیان لەدەست دا.
ئەو خانمە بۆ چارەسەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری نەڤشەهیر و لەکاتێکدا بۆ پشکنینی بەردی زراو سۆنەری بۆ کرا دەرکەوت کە دووگیانە.

 

لەئێستادا روبەیدا کەچەجی لەگەڵ کوڕەکەی لە کۆنتەینەری ناو کەمپێکدا دەژی، کەچەجی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، لە بوومەلەرزەی یەکەمدا خانووەکەیان رووخاوە و هاوسەرەکەی جەستەی خۆی کردووەتە قەڵغان بۆ پاراستنی خۆی و کوڕەکەی، بەو شێوەیەش بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەگەڵ تەرمی هاوسەرەکەیدا لەژێر داروپەردووەکاندا ماونەتەوە.

 

دەربارەی رزگارکردنیشیان کەچەجی رایگەیاند: “چاوەڕێی یارمەتیمان دەکرد. بێهیوا نەبووم. من لە دەرەوە دەنگی تیمە فریاگوزارییەکانم دەبیست، بەڵام ئەوان دەنگی منیان نەدەبیست. لە کۆتاییدا گوێیان لە دەنگم بوو، سەرەتا کوڕەکەم و دواتر منیان دەرهێنا”.

 

ئەو خانمە رزگاربوونی خۆی و کوڕەکەی بە پەڕجوو ناودەبات و دەڵێت: “بە پەڕجوویەکی خوایی رزگارمان بوو، بەجۆرێک لە جۆرەکان ژیان بەردەوامە. دوای بوومەلەرزەکان زانیم کە سێ مانگە دووگیانم. ئەمەش پەڕجوویەکە کە خودا دوو منداڵی لێوەگرتمەوە و بۆ دڵدانەوەم ئەم منداڵەی پێبەخشیم. سەرەتا غەمباربووم، چونکە منداڵەکەم سۆزی باوک نابینێت و باوکی ناناسێت. لەلایەکیش دڵخۆشبووم بەوەی کە ئەم منداڵە پەرجوویەکی خودایە”.

Back to top button