کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کابینەی داتا و ئامار و پڕۆژەکان

((خۆر))-هۆشیار عەلی

سەرەڕای قەیرانەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی نوێدا بڕیار بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی نوێ دەدات.

سەرەرای قەیرانی دارایی، بەردەوامبوونی حکوومەت لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، دەرخەری ئەو راستیەیە، کابینەی نۆیەم لە هیچ دۆخێکدا لە خزمەتکردنی ھاووڵاتیان ناوەستێنێت و بۆ ساڵی نوێی 2021یش چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری ستراتیژی بە دەستەوەیە.

كابینه‌ی نۆیه‌م لە تەمەنی کورتی خۆیدا (282) پڕۆژەی بە گوژمەی (182) ملیار دینار تەواوکردووه‌ و بە گوژمەی (288) ملیار دینار کار له‌سه‌ر (23) پڕۆژەی نوێی دیکە دەکات، ئەوە تەنیا لە بواری ئاوەدانکردنەوە و رێگاو بان و نیشتەجێبوون.

درووستکردنی شەقام و باڵەخانەی نیشتەجێبوون و رێگای دوو سایدی نێوان پارێزگاکان و نۆژەنکردنەوەی رێگاکان، سەرەڕاى قەیرانی دارایی له ساڵى (2020)دا به‌رده‌وام بووه.

ئەو گرفتانه‌ی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رووبه‌ڕووی بوویه‌وه‌، بێ وێنە بوو، لەگەڵ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووى قەیرانێكی قورسی دارايی و ڤایرۆسی کۆرۆنا بوویه‌وه‌، به‌ڵام پڕۆژە ستراتیژییەکانی له‌ بوارى رێگاوبان و نیشتەجێکردن بەردەوام بوون، بودجەی پێویست بۆ پڕۆژە گرنگەکان دابین کراوه‌، وه‌كو رێگای هه‌ولێر-دهۆك، كه‌ رێگایه‌كی ستراتیژییه‌، رێگای (150) مه‌تری له‌ هه‌ولێر، رێگای بابان (100) مه‌تری له‌ سلێمانی، رێگای كه‌لار- ده‌ربه‌ندیخان و رێگای هه‌ولێر- كۆیه‌، چه‌ندین رێگای دیكه‌ش، ئه‌وە جگە لەو رێگایانه‌ی تێكچوون، کە حكوومه‌ت به‌رده‌وام نۆژه‌نیان ده‌كاته‌وه‌.

بەپێی زانیاریەکان، (42) ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی رێگاوبان لە قۆناغی یەکەمدا تەرخانکرا و (70) پڕۆژەی جۆراوجۆی رێگاوبانيش لەسەر ئاستی ھەرێم جێبەجێکران.

تەرخانکردنی بڕی (288) ملیار دینار بۆ (23) پڕۆژەی نوێی رێگاوبان و دوسایدی شارەکان، لەسەر ئاستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنيش تا ئێستا توانراوە (282) پڕۆژە بە گوژمەی زياتر له (182) ملیار دینار تەواو بکرێت.

نزیکەی (300) پڕۆژەی دیكه‌ش بەردەوامن لە جێبەجێکردن، (325) پڕۆژەی نوێ پلانی بۆ داندراوە، لە ساڵی (2021) ئەنجام بدرێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە داتا و ئامار و پڕۆژەی جۆراوجۆر سەلماندوویەتی کابینەیەکی خزمەتگوزارە و بەردەوامیش دەبێت.

Back to top button