کادیرانی پارتی: پارتی بە ئامانجی مافە نیشتمانییەکان و خزمەتکردنی خەڵک دامەزرا

لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کادیرانی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئامانج لە دامەزراندنی پارتی خزمەتی خەڵک و بەدەستھێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بووە، کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دەڵێ: پارتی دۆزی نەتەوەیی بردە قۆناغێکی نوێ و لە دۆزێکی نێوخۆیی کردییە پرسێکی جیھانی.

زەیتۆ سەعید گەزنەیی، کادیری پێشکەوتووی پارتی  رایگەیاند: دامەزراندنی پارتی لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦  بە ڕابەڕایەتی بارزانی نەمر پێویستییەکی مێژوویی بوو، چونکە ھەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانەی کورد پێش دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدراون بە شێوەیەکی زۆر ڕێکخراو نەبوونە، لەبەر ئەوەی کورد نە دەوڵەتی ھەبووە نە حزبی سیاسی، بەرپاکردنی شۆڕش بە شێوەیەکی خۆڕسکی ئەنجامدراوە، بۆیە بیر لەوە کرایەوە بۆ ئەوەی خەباتی کورد زیاتر بەرەو پێشەوە ببرێت و بە شێوەیەکی تۆکمە و ڕێکخراو درێژە بە شۆڕش و خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بدرێت پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، مێژوو گەواھیدەری ئەو ڕاستییەیە پارتی دۆزی کوردی بردە قۆناغێکی نوێ و لە دۆزێکی نێوخۆیی کردیە پرسێکی جیھانی.

زەیتۆ سەعید گەزنەیی گوتیشی:  بەبۆنەی حەفتاوحەفت ساڵەی دامەزراندنی پارتیمان پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان دەکەم، پارتی بە درێژایی ٧٧ ساڵی تەمەنی زۆر قوربانی داوە بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بە ھەزاران ھەڤاڵی پارتی لە پێشمەرگە و کادیر و ڕێکخستنەکانی حزب گیانی خۆیان کردووتە قوربانی بۆ ئەوەی کورد بگات بە ئامانجەکانی، ئێستایش بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی پارتی ھەمیشە لە ڕێزی پێشەوەی خەبات و قوربانیدانە بۆ گەیشتن بە ھەموو مافەکانی گەلی کورد و ئەو گەلانەی لەچوارچێوەی کوردستانن بەبێ جیاوازی ئایینی و مەزھەبی و نەتەوەیی.

شەیما مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانیش بۆ مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و پارتییەکان دەکەم بەبۆنەی ١٦ی ئاب ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتیمان، چونکە ئەو دەستکەوتانەی لە سایەی خەباتی پارتی بەدەست ھاتوون کەم نین، پارتی لە سەردەمی شاخ و شاریش ھەموو کات ئامادەبووە بەرژەوەندی گەلەکەمان بخاتە سەرەوەی بەرژەوەندی کەسی و حزبی، لە بنەڕەتدا پارتی بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان دامەزراوە لەبەر ئەوەشە پارتی ئامرازە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی.

Back to top button