کودەتای ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ عێراق

بارزانی نەمر وەكو جەنەڕاڵ و قارەمانێكی نەتەوەیی پێشوازی لێكرا

گەڕانەوە بۆ مێژوو

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٤/٧/١٩٥٨ ڕادیۆ بەغدا موژدەی نەمانی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق و هاتنەسەر کاری دەوڵەتی کۆماریی عێراقی ڕاگەیاند. لە یەکەم بەیاننامەی شۆڕشدا کە لەلایەن عەبدولکەریم قاسم وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی بڵاوکرایەوە، بەڵێنی ماف و ئازادییان بە خەڵکدا. بە بیستنی ئەو بەیانە، گەلی کورد لە باشوری کوردستان ڕابوو، نوقڵیان بڵاوکردەوە و بە شایی و هەڵپەڕکێ جەژنیان گرت و ئەو ڕۆژەیان پیرۆز کرد.

کودەتای ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ کە لەنێو بەشێک لە خەباتکارانی کورددا بە شۆڕش ناو دەبردرێت، لە پرۆسەی خەباتێکی خوێناویی دەیان ساڵەدا بەئەنجام گەیشت‌ و ئەگەر بەوردیی بچینە ناخی سەرهەڵدانییەوە، دەبێ بگەڕیینەوە بۆ سەردمی عوسمانییەکان و بزوتنەوەی بارزان لە ساڵی ١٨٩٤ کە بەرە بەرە لە ناوچەی بارزانەوە هەموو عێراقی گرتەوە.

لە سەردەمی کودەتای تەموزدا، سەرۆک مستەفا بارزانی لەگەڵ ٥٠٠ هاوڕیی لە یەکیەتی سۆڤیەت بوو. ڕاوێژکاری بەشی پێوەندییەکانیان کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمونیستی یەکێتی سۆڤیەت، “ڤۆڵۆشین” کە ئەرکی پێوەندییەکانی لەگەڵ بارزانی لەسەرشان بوو، هەواڵی شۆڕشی ١٤/٧/١٩٥٨ی عێراقی بە بارزانی ڕاگەیاند. 

ئەوە هەواڵێکی هەرە خۆشبوو بۆ بارزانی و هەڤاڵانی کە دەیتوانی چارەنوسیان بگۆڕێت و دوای نزیک بە ١٣ ساڵ دووریی لە وڵات بگەڕێنەوە و لە نزیکەوە بۆ ماف و ئازادیی و ڕزگاریی گەل و وڵاتەکەیان تێبکۆشن. 

یەکەم کاردانەوەی حکومەتی نوێی عێراق سەبارەت بە بارزانییەکان، ئازاد کردنی شێخ ئەحمەدی بارزان بوو لە بەندیخانە کە ئەوکاتە لە بەندیخانەی بەغدا بوو. شێخ ئەحمەد دوای یازدە ساڵ، ڕۆژی ٢١/٧/١٩٥٨ لە زیندان ئازاد کرا و ڕۆژێک دوای ئازادبوونی، بۆ ئاراستەکردنی سوپاس و پشتیوانیی کردنی لە حکومەتی نوێ، چوو سەردانی وەزارەتی بەرگریی کرد و لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە بە گەرمی پێشوازییکرا.

کاردانەوەی دووەم لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە بوو کە ڕۆژی ٢١/٨/١٩٥٨ مۆسکۆی بەرەو ڕۆمانیا بەجێهێشت. میرحاج ئەحمەد و ئەسعەد خۆشەویشی لەگەڵ خۆی برد و سەرۆکی ڕۆمانیا پێشوازی لێکرد. بارزانی، لە “بۆخارست”ەوە بەهۆی بالیۆزخانەی کۆماری عەرەبی یەکگرتو، ڕۆژی ٢٩/٨/١٩٥٨ بروسکەیەکی بۆ عەبدولکەریم قاسم نارد. لە بروسکەکەیدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی شۆڕشی لێکرد و داوای کرد ڕێگا بدرێ خۆی و هاوڕێیانی بگەڕێنەوە عێراق. بارزانی لە بوخارستەوە چوو بۆ پڕاگ. لەوێش سەرۆکی چیکۆسلۆڤاکی “ئەنتۆنی نۆڤۆتینی” پێشوازیی لێکرد.

عەبدولکەریم قاسم وەڵامی بروسکەکەی بارزانی دایەوە و دوای چەند جار بروسکە گۆڕینەوە، بارزانی لە کۆتایی مانگی سێپتەمبەر “ئەیلول”ی ١٩٥٨، چیکۆسلۆڤاکی بەجێهێشت و بەرلە گەڕانەوەی بۆ عێراق، لە قاهیرە دابەزی. جەمال عەبدولناسر سەرکۆماری میسر لە ماڵی خۆیدا پێشوازیی لە مستەفا بارزانی کرد. دوای چوونی بۆ میسر و چاوپێکەوتنی لەگەڵ جەمال عەبدولناسر، بارزانی ڕۆژی ٦/١٠/١٩٥٨ گەڕایەوە بۆ بەغدا و بەشێوەی ڕەسمی پێشوازیی کرا. لە کوردستان و لە هەموو ناوچەکانی عێراقەوە دەیان هەزار کەس لە نوێنەرانی حیزب و لایەنەکانی گەل گەیشتنە بەغدا و لە فڕۆکەخانەی “موسەننا” پێشوازییان لە بارزانی وەک قارەمانێکی نەتەوەیی کرد بۆ نیشتمان. بارزانی لە هۆتێل “سەمیر ئەمیس” دابەزی و میوانی حکومەت بوو. ڕۆژی ٧/١٠/١٩٥٨ چوو سەردانی عەبدولکەریم قاسمی کرد و سوپاسی خۆی پێشکەش کرد

Back to top button