کۆمسیۆن: بۆ ئه‌نجامدانی هەڵبژاردن دەبێت تا مانگی 5 گرفته‌ یاساییه‌كانی کۆمسیۆن چاره‌سه‌ر بكرێن

کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، له‌ زاری گوته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ رای ده‌گه‌یه‌نێت، “بۆ ئەوەی بتوانین هەڵبژاردن لەو وادە ئەنجام بدەین، دەبێت تا مانگی پێنج کێشەکانی کۆمسیۆن چارەسەر بکرێت.”

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردن و راپرسی له‌ هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: “دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە واتای راسپاردنی کۆمسیۆنە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “ئێمە ئێستا ناتوانین ئامادەکارییەکان دەست پێ بکەین، چونكه‌ ماوەی یاساییمان بەسەر چووە و دوو کورسی کۆمسیارانیش چۆڵن، بۆیه‌ دەبێت کێشەی ماوەی یاسایی چاره‌سه‌ر بكرێت و دوو کۆمسیارەکەش شوێنیان پڕبکرێتەوە، ئەوکات دەتوانین دەست بە رێکكارەکان بکەین.”

لەبارەی ئەو ماوه‌یه‌ش کە کۆمسیۆنه‌كه‌ پێوستیەتی بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن، گوتی: “پێویستمان به‌ شەش مانگە، لەبەر ئەوە دەبێت تا مانگی پێنجی ئەمساڵ گرفته‌ یاساییه‌كانی كۆمسیۆن چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ ئەوەی بتوانین لە وادەی 18/11/2023، كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دیاری كراوه‌، هەڵبژاردن ئەنجام بدەین.”

Back to top button