کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لێکردووین یاسایەکی تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامادەبکەین

رێکخەری نوسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێ، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە داوایان لێکراوە یاسایەکی تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامادەبکەن.

دیندار زێباری، رێکخەری نوسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لێکردوون پرۆژە-یاسایەکی تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا بیستراو و بیندراوەکان ئامادەبکەن کە هاوتەریبی ستنانداردە نێودەوڵەتییەکان بێت.

سەبارەت بە پێدانی زانیاری، ئەو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، داوایان لە لایەنە ئەمنییەکان کردووە هەرچی پێیاندەکرێت ئەو زانیارییانەی کە پێویستن بە رۆژنامەنووسانی بدەن.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستەسەر پێویستی وەرگرتنی زانیارییەکان لە سەرچاوەی فەرمییەوە و گوتی: ناکرێت زانیاری لە کەسێکی وەزارەت و فەرمانگەکان وەبگیرێت کە دەسەڵاتی پێدانی زانیاری نییە.

دیندار زێباری راشیگەیاند، هانی وەزارەتەکانمان داوە بەرپرسی میدیاییان هەبێت، بۆئەوەی لە چوارچێوەی یاساکاندا زانیاری بدەنە رۆژنامەنووسان و میدیاکاران.

رێکخەری نوسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی خستەڕوو، “ئێمە لە ناوچەیەکی جیۆپۆلۆتیکی تایبەت دەژین کە ئاڵنگاری ئەمنی زۆری هەیە”، بۆیە ناتوانن بە ئاشکرا لیستێک ئامادە بکەن، تا بڕیار بدەن بڵاوکردنەوەی چ زانیارییەک رێگەپێدراوە و چی رێگەپێدراو نییە.

راشیگەیاند، ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەمنی و سیاسی و لە هەندێک لە کەیسەکاندا، لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەنجوومەنی دادوەری، بڕیار لەبارەی بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان دەدرێت.

Back to top button