کێشەی زەوی سندوقی و کەرتی ٢٢ی دێلزیان چارەسەرکرا

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران رایدەگەیەنێت، بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمیی نرخی رێگەپێدان بۆ زەوی سندوقی کەم کرایەوە و کێشەی کەرتی ٢٢ی دێلزیانیش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چارەسەر دەکرێت.

خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران،ڕایگەیاند: “بڕیاری چارەسەرکردنی زەوی سندوقی چووەتە بواری جێبەجێکردن و چەندین ھاووڵاتیش داواکاری خۆیان پێشکەشکردووە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەویەکانیان، سەرەتا بڕیار بوو سەدا سەدی نرخی زەوی لە خاوەن زەوییەکانی سندوقی وەربگیرێت دواتر نرخەکە کەم کرایەوە بۆ ٣٠% دوای ئەوەی داواکاریمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و داوای پێداچوونەوەمان کرد، بە خۆشحالیەوە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی نرخی رێگەپێدان بە زەوی سندوقی بۆ ١٠% کە ئەوەش لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان دابوو”.

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران گوتیشی: “زەوی سندوقی ئەو زەویانەن کە تاپۆ یان کارتی نییە و سێ لای یان دوو لای خانووە کە ھەزاران ھاووڵاتی لەو بڕیارەی حکوومەت سوودمەند دەبن و کێشەی ئەو زەویانە چارەسەر دەکرێت کە پێی دەگوترێ زەوی سندوقی”.

خەسرۆ ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: “یەکێک لە کێشەکانی زەوی و زار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کێشەی کەرتی ٢٢ی دێلزیان بوو، بەداخەوە کەرتی ٢٢ی دێلزیان پێشتر دابەشکراوە و خاوەن زەویەکان قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام لەلایەن خەڵکانێکەوە زێدەڕۆیی کراوەتە سەر کە چەندین ھاووڵاتی تووشی کێشە بوونە، دوای ئەوەی چەند پێشنیارێکمان خستە بەردەم سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کەرتی ٢٢ی دێلزیان درا”.

Back to top button