کەرکووک دوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر!

کەرکووک دوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر!
چوار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، سێشەممە 16 ئۆکتۆبەری 2017 بە ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێر شاری کەرکووک لەلایەن گروپێکی ناو یەکێتیەوە رادەست بە حەشدی شەعبی کرا، کە بۆ چەند ساڵێک دەبوو لەدوای پاشەکشەی سوپای عێراقەوە لە بەرامبەر بە هێرشی چەکدارەکانی داعش لە ساڵی 2014، شارەکە لەلایەن پێشمەرگە و ئاسایشەوە ئەمنیەتی هاوشێوەی شارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ دابینکرابوو.
لە رووی ئابووریشەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەو مووچە و خەرجیانەی لە ئاسایش و فەرمانبەرانی شارەکە و هەندێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری خەرجی دەکرد، لە چەند مانگی پێش رادەستکردنی کەرکووکیش بە حەشدی شەعبی، مانگانە پارەی پترۆ دۆلاری لە بەرامبەر بە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕی کوردستانەوە دەدایە بەرپرسانی کەرکووک و بەو هۆیەشەوە تا دەهات شەقام و شوێنە گشتیەکانی ئەو شارە خزمەتگوزاری باشتری بەخۆیەوە دەبینی.
جگە لەوەش لە رووی پەیوەندی پێکهاتەکانیشەوە کە زۆرینەی شارەکە لە کورد و عەرەب و تورکمان پێکهاتووە، تا دەهات ناکۆکیە کۆنەکان بەرەو کاڵبوونەوە دەرۆیشتن، کە بە درێژایی مێژوو حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق تا سەردەمی سەدام حوسێن هەوڵی گرژیان لە نێوان ئەو پێکهاتانەی کەرکووک دا دەدا، تاوەکو لەو رێگەیەوە کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بکەن.
بەڵام، ئێستا کە چوار ساڵ بەسەر رووداوی 16 ئۆکۆتبەری 2017 دا تێپەڕیووە، ڕۆژ بە ڕۆژ شەقامەکانی شارەکە بەرەو پیستر و لە کەمی خزمەتگوزرایەکانی شارەوانیدا دەناڵێنێت، جگە لەوەش لە رووی ئەمنیەوە هیچ مانگێک نەبووە چەندین ڕووداوی کوشتن و تەقینەوەو دەستدرێژی و ڕفاندنی هاوڵاتیانی تیایدا روونەدات، ئەوە جگە لەو تەقینەوانەی لە ساڵانی ڕابردوو ڕوویانداوە.
هاوکات لە رووی ئابووریشەوە حکوومەتی عێراق لە ماوەی ئەم ساڵەدا و لە پێشووتریش، تەنیا یەک سەنتی لە پارەی پەترۆ دۆلار، نەداوەتە کەرکووک، کە ئێستا بە گوتەی بەرپرسانی شارەکە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار تەنیا لە پارەی پترۆ دۆلار حکوومەتی عێراق قەرزاری کەرکووکە ئەوە جگە لەو پارەی نەوتەی تا ئێستاش حەشد بە قاچاغ دەستی دەکەوێت و سەرەتای خیانەتەکە مانگانە سی ملێۆن دۆلاری دەدایە لاهور تلیاکچی، بەڵام ئێستا خوێریتر کراوەو پارەی خیانەتیشی نادەنێ.
لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە لە دوای 16ئۆکتۆبەرەوە ئەو دەسەڵاتە سەربازیەی لە شارەکەدا هەیە کە راستەوخۆ لەلایەن حەشدی شەعبیەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەردەوام هەوڵی جیاکاری لە نێوان پێکهاتەکانی ئەو شارە و کاری زۆریشی لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بە قازانجی عەرەبی شیعە و سڕینەوەی پێکهاتەکانی دیکە بەتایبەتی کورد کردووە.
لە رووی ئیداریشەوە، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک، بە فەرمانی سەربازی، هەموو پۆستەکانی کورد لە ئیدارە و پۆلیس و ئەمنی شارەکە فەرمانی گۆڕینیان بۆ دەرچووە و شوێنەکان بە تورکمان و عەرەبەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی پڕکراونەتەوە، لەکاتێکدا ئەو پۆستانە بەپێی حەقە بەشی هەڵبژاردنەکان دراون بە کورد و لەسەر پشکی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بوون، ئەوە جگە لە قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە زۆرێک لە فەرمانگەکانی شارەکە، کە لە رووی دەستووری عێراقەوە هەموو ئەوانەی کە کراون نایاسایین.
ئەوانە هەمووی لێکەوتەی خیانەتی 16 ئۆکتۆبەرن و ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبن، تاکە هیوایەک کە هەیە ئەمجارەیان لەم هەڵبژاردنەی کە کرا خەڵکی تۆڵەی لە حەشد و خیانەتکاران کردەوەو کورسیەکانی پارتی لەو شارە زیادیان کرد کە چاوەڕوانکراوە پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنرێتەوەو ئەو برینانە بەڵکو کەم کەم سارێژببنەوە، بەڵام ئەوەی هەرگیز ساڕێژ نابێ دۆڕانی ئەو خاکە زۆرەی کوردانە بە دوژمنان کە هەزاران قوربانی و شەهیدی لە پێناو دراوە.

Back to top button