کەمال ئەحمەد”: یەکێک لە خاڵەکانی رێکەوتنی ھەولێر و بەغدا دەستپێکردنەوەی پێشینەی خانووبەرەیە”

جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان ئاشکرایکرد، یەکێک لە خاڵەکانی نێو رێککەوتننامەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی دەستپێکردنەوەی پێشینەی خانووبەرە بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و دەشڵێ: بانکی فیدڕاڵ ئامادەکاری کردووە بۆ سوودمەندبوونی ھاووڵاتیانی ھەرێم.

کەمال ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان راگەیاند” رێکەوتنی نێوان سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی کاریگەری لەسەر کەرتی وەبەرھێنان دەبێت، ئەگەر بێت و رێکەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن و پشکی ھەرێمی کوردستان لەناو یاسای بودجە وەک خۆی ڕەوانە بکرێت ئەوە جوولەیەکی زۆر دەکەوێتە بازاڕ و یەکێک لەو کەرتانەی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەبێت کەرتی وەبەرھێنانە.

جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەران گوتی: لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان کاک مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی بڕگەیەکی هەیە لەبارەی کاراکردنەوەی پێشینەی خانووبەرە بۆ ھاوڵاتیان.

بانکی رەشید و فیدڕاڵیش ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لەدوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەست بە پێدانی پێشینەی خانووبەرە بکەن بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی عێراق ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن لە پێشینەکە و لە ماوەی پازدە ساڵ بەشێوەی قیست دەیگەڕێننەوە بۆ حکوومەت.

Back to top button