کەناڵی “عەرەبیە”: حەشد و پەکەکە لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بەشدار بوون

((خۆر))-هۆشیار عەلی

کەناڵی (الحدث)ی عەرەبی رایگەیاند، میلیشیاکانی حەشدی بەناو شەعبی و پەکەکە لەو هێرشەی بە مووشەک کرایە سەر هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان، بەشدار بوون.

بەگوێرەی کەناڵەکە، سەرچاوەی تایبەت لە واشنتن بۆ (الحدث) دەریخستووە، کە لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکە بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، زانیاریی سەبارەت بەو لایەنانە ئاشکرا دەکات، کە بەشدار بوون لە هێرشەکە و ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە، کە دوو گرووپ لە میلیشیاکانی حەشد و گرووپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان هێرشەکەیان ئەنجام داوە.

سەرچاوەکە بۆ کەناڵی (الحدث) روونیشی کردەوە، کە هێرشەکە لە دوو ناوچە ئەنجام دراوە، یەکێکیان لەلایەن میلیشیاکانەوە، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدڕاڵ و ئەوەی تریان لەلایەن گرووپەکەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کردوە، کە واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی مامەڵەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو هێرشانەدا بکات، کە دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکان و سەربازەکانی لە عێراق. پاڵپشتیی خۆیشی بۆ لێکۆڵینەوەی لایەنە بەرپرسەکانی عێراق راگەیاندووە بۆ گەیشتن بە ئەنجام و دەشڵێ، بەرپرسیارانی هێرشەکە بە سزا ئەگەیەنرێن، بەڵام رەتیان کردەوە کە باس لە هەر جۆرە وەڵامدانەوەیەکی راستەخۆ بکەن.

 کاتژمێر 9:30 خولەکی شەوی دووشەممە 15/2/2021، بە 14 مووشەک هێرش کرایە سەر هەولێری پایتەخت و لە هەریەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و نزیک لە بەشێک لە کونسوڵخانەکان و گەڕەکێکی نیشتەجێبوون و مەیدانی ئاژەڵان کەوتنە خوارەوە و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێک کوژرا و سەربازێکی ئەمریکی و چەندین کەسی مەدەنیش بریندار بوون.

Back to top button