گازی سروشتی کارتێکی بەهێز بەدەستی هەرێمی کوردستانەوە

بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ نزیكه‌ی 1 ملیار پێی سێجار له‌ رۆژێكدا بەرزدەکرێتەوە

((خۆر)) هۆشیار عەلی

ئه‌مه‌ریكا به‌دوای ئه‌وه‌وه‌یه‌ هەرێمی کوردستان بۆ گازی سروشتی بۆ عێراق ببێتە بەدیل بۆ ئێران، وابڕیاریشە كۆمپانیای (دانه‌غاز) پابه‌ند بێت بە به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گازی سرووشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ نزیكه‌ی 1 ملیار پێی سێجار له‌ رۆژێكدا.

عێراق له‌ 2019 بڕی 18 ملیار مه‌ترسێجار گازی سووتاندووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ به‌راوردی وڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك رووسیا پله‌ی دووه‌مین وه‌رده‌گرێت، بەشێوەیەک %20ی بودجه‌ی عێراق بۆ ئه‌و كه‌رته‌ بووه‌.

ئێستا یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیە، کە ئەوەش یه‌كه‌میان دەبێتە هۆی دابینكردنی سووته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با. دووه‌میان: هه‌نارده‌كردنی بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق وه‌ك جێگرتنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و گازه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌هێنرێت.

سەبارەت بەو پرسە، گولیزار ره‌شید سندی. جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی سامانه‌ سرووشتییه‌كان، دەڵێت “ئاماری دروست بۆ قەبارەی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵام مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت له‌نێوان (چوار تریلیۆن مه‌تر سێجار تا  پێنج تریلیۆن مه‌ترسێجار بێت)، ئه‌مه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر زۆره‌ هه‌م یه‌كێتی ئه‌وروپا و هه‌م ئه‌مه‌ریكاش ره‌نگه‌ بیر له‌ گرنگی و ئاسته‌كه‌ی بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ده‌توانرێت پرۆژه‌ی گرنگ و ستراتیژی له‌سه‌ر بنیات بنرێت، بەشێوەیەک سەرچاوەی وزه‌ له‌ كوردستانه‌وه،‌ ببێته‌ سه‌نته‌رێك وه‌ك كارتی ئابووری و سیاسییش به‌كاربهێنرێت له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر كوردستان، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا رووسیا به‌هۆی هه‌نارده‌ی گازی سرووشتی بۆ ئه‌وروپا فشارێكی زۆری له‌ناوچه‌كه‌ دروستكردووه‌، ئێرانیش له‌و رێگایه‌وه‌ گازی سرووشتی كردووه‌ته‌وه‌ چه‌كێكی به‌هێز، ده‌كرێت گازی سروشتی كوردستانیش بۆ لەمەودوا ببێته‌ جێگره‌وه‌ ئه‌و گازه‌ی له‌رووسیاوه‌ ده‌درێته‌ ئه‌رووپا و له‌ ئێرانیشه‌وه‌ ده‌درێته‌ عێراق، ره‌نگبێت ئه‌مه‌ بۆ ژێرخانی ئابووری كوردستانیش گرنگ بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی حكومه‌ت خۆی ته‌مویلی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بكات، چونكه‌ ئاشكرایه‌ ژێرخانی وزه‌ له‌ كوردستان زۆری هی كه‌رتی تایبه‌ته‌، به‌پێچه‌وانه‌ی عێراق كه‌ له‌ ساڵی 1930 به‌دواوه‌ ژێرخانی كه‌رتی وزه‌ی هه‌بووه‌ و به‌شێكی زۆریشیان دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌م گرنگیه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ گازی سرووشتی جگه له‌‌ بایه‌خی ناوخۆیی، بایه‌خی نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه‌ بۆ كوردستان”.

Back to top button