گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لەلایەن ئێرانەوە كاریگەری كردۆتە سەر دانیشتووانی قەڵادزێ و دەوروبەری

ماوەی چەند رۆژیكە ئێران دووبارە ئاوی زێی بچووكی گرتووەتەوە كە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و دانیشتووانی شاری قەڵادزێ و دەوروبەری دروست كردووە.
پرۆژەی ئاوی خاسە كە لەسەر زێی بچووكە، بەیەكێك لە پرۆژە ستراتیجییەكانی شاری قەڵادزێ‌ دادەنرێت و ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی شارەكە دابین دەكات كە نزیكەی 100 هەزار كەس دەبن.
بەهۆی گرتنەوەی ئاوی بەنداوی كۆلەسە لە سەردەشت لە سنووری ئێران، ئاستی ئاوی زێی بچووك بەشێوەیەكی بەچاو دابەزیوە، بەوەیش كێشەی كەم ئاوی لە ناوچەكە سەریهەڵداوە و هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی ئاوی ناوچەكە دروست كردووە.
لەوبارەیەوە سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی ڕاپەڕین گوتی: لە ئێستادا پرۆژەكەمان بە نیوەی توانای خۆی كار دەكات، ئەمەیش وای كردووە كارمەندانمان شەو و ڕۆژ بخەنە سەر یەك و 24 كاتژمێر لە كاردابن بۆ ئەوەی بتوانن بەنداوی كاتیی دروست بكەن، چونكە ئەو بەربەستە كاتییانە دەتوانن ئەو ئاوە كەمەی هەیە بگێڕنەوە بۆ پرۆژەكەمان بۆ ئەوەی پرۆژەكە بە تەواوی نەوەستێت.
سەلام عومەر ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوە جاری دووەمە ئێران ئەو ئاوە دەگرێتەوە و گوتی: گرتنەوەی ئاوی بەنداوی كۆلەسە لە ساڵی 2017ەوە بەو شێوەیە بەردەوامە. ساڵانە لە مانگەكانی تەمووز و ئاب و ئەیلوول گرفتی ئاوی خواردنەوەمان بۆ دروست دەبێت، ئەمەیش بووەتە حاڵەتێكی ئاسایی بۆ ئێمە، چونكە ئەم كێشەیە شەش ساڵە بەردەوامە.
سەبارەت بە چارەسەری كێشەكە، سەلام عومەر باسی لەوە كرد كە چارەسەری بنەڕەتی كێشەكە بە دروستكردنی بەنداوێك دەبێت و گوتی: بەنداوی دەڵگە كە دەكەوێتە سەر پرۆژەی ئاوی خاسە لە قەڵادزێ، ڕەزامەندی حكوومەتی ناوەندی عێراقی هەیە. ئەوە زۆر پێویستە و پرۆژەیەكی ستراتیجییە. هەركاتێك ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت، دەتوانین سەركەوتووبین لە پاراستنی ئاسایشی ئاو لەم ناوچەیە.
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی ڕاپەڕین، ئەوەیشی خستەڕوو كە چەند جارێك لە ڕێگەی كەناڵە فەڕمییەكانەوە لە ئیدارەی ڕاپەڕین ئەو كێشەیەیان لەگەڵ بەپرسانی خۆجێیی ورمێ باس كردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن ئەو كێشەیە مەركەزییە و پەیوەندی بە تارانەوە هەیە و هیچ پەیوەندی بە ئیدارەی خۆجێییەوە نییە.
هەروەها بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی ڕاپەڕین، سەلام عومەر ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە ئەو ڕووبارانەی هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتان و بە چەند وڵاتێكدا تێدەپەڕن هەماهەنگی هەبێت و بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی بەكاربهێندرێن و هەموولایەك لێی سوودمەند بن.

Back to top button