گرتنەوەی ئاوی فورات مەترسی لەسەر ژیانی حەوت ملیۆن کەس دروست کردووە

ئەندامێکی بەڕێوەبەری بەنداوی فورات لە نزیک شاری تەبقای سەر بە رەققەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، بەهۆی گرتنەوەی ئاوی روبارەکە، مەترسی لەسەر ژیانی حەوت ملیۆن کەس دروست بووە.
عیماد عوبەید ئەندامی بەڕێوەبەری بەنداوی فورات بە ئاژانسی هاوار نیوزی راگەیاند، ئاستی ئاوی بەنداوی فورات، پێنج مەتر کەم بووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکومەتی تورکیا ئاوی بەنداوەکانی داخستووە و ئاو بەرناداتەوە.
عیماد عوبەید باسی ئەوەشی کرد کە لە ١١ ملیار مەترس سێجا، دوو ملیار مەتر سێجا ئاو کەمی کردووە و وتی، ” بەنداوی فورات سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە و گرتنەوە ئاوی روبار و کەمبوونی ئاوی بەنداوی فورات، هەڕەشە و مەترسی لەسەر ژیانی حەوت ملیۆن دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمیتەی کشتوکاڵ و ئاودانی ناوچەی تەبقا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی روباری فورات لەلایەن تورکیاوە، حەوت وێستگەی ئاوی خواردنەوە لەکار کەوتوون و زیاتر لە هەزار هێکتار لە زەویە کشتوکاڵیەکان وشک بوون و ناتونرێت کاری کشتوکاڵیان تێیدا بکرێت.

Back to top button