گروپی جیاواز له‌ داعش په‌یدا بوون و وێنه‌ی سه‌دام حسێن هه‌ڵده‌واسن

جوتیار شەریف – خۆر

“عه‌مید سه‌رحه‌د قادر” به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی پۆلیسی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركووك رایگه‌یاند، داعش له‌ عیراقدا خۆی رێكخستوه‌ته‌وه‌ و به‌رپرس و پێكهاته‌ی رێكخراوه‌كه‌ی له‌ ناوچه‌كاندا به‌ته‌واوه‌تی گۆڕیوه‌.

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگەیاند “داعش، عیراقی كردوه‌ته‌ 11 میحوه‌ر، بۆ هه‌ر میحوه‌رێك به‌رپرس و پێكهاته‌ی سه‌ربازی تازه‌ی داناوه‌، كه‌ بریتین له‌ میحوه‌ره‌كانی: بادیه‌، باشور، ئه‌نبار، فه‌لوجه‌، باكوری به‌غدا، به‌غدا، دیاله‌، كه‌ركووك ، سه‌ڵاحه‌دین، دیجله‌، نه‌ینه‌وا”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ره‌نگه‌ له‌مه‌ودوا جموجوڵ و هێرشی داعش ر‌و له‌ زیادبون بكات، په‌لامار و هێرشی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ بۆسه‌ر ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ڕو له‌ هه‌ڵكشان بكات.

هه‌روه‌ها عه‌مید سه‌رحه‌د قادر رونیكردوه‌ته‌وه‌، ته‌نها سنوری حه‌ویجه‌ له‌ نزیكه‌ی 500 گوند پێكهاتوه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و گوندانه‌ داعش هاتوچۆیان پێداده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پارێزگاكانی تر، كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ داعش پاكیان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ پان و به‌رینه‌.

به‌بڕوای عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، خۆرێكخستنه‌وه‌ و دوباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی پێكهاته‌كه‌ی له‌ عیراق، ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی داعش نیه‌تی په‌لاماردان و هێرشی زیاتری هه‌یه‌، وتیشی “نه‌ك ته‌نها داعش، چه‌ندین گروپی دیكه‌ په‌یدابون، ته‌نانه‌ت به‌عسییه‌كانیش زیندوبونه‌ته‌وه‌ و له‌ ڕۆژی 26-6-2020 ده‌یان وێنه‌ی سه‌دام حسێن-یان له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك هه‌ڵواسیوه‌، دواتر پۆلیس به‌په‌له‌ وێنه‌كانی له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان لابردوه‌”.

Back to top button