گروپی روبعەڵا دوو بیرە نەوتەکەی کەرکووکی تەقاندووەتەوە

پێشتر داوای لە حەشد کردوە ئەو بیرانە رادەست بەوان بکەن

گۆڤەند سەکەش-خۆر

لەلایەن گرووپێکی روبعوڵاوە دوو بیرە نەوت لە پارێزگای کەرکووک تەقێنراونەتەوە و تاوەکو ئێستاش ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ نەکراوە ، پێشتر ئەو گروپە داوای لە حەشد کردوە ئەو دوو بیرە نەوتە رادەست بکەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (( خۆر )) کەوتون ، بەهۆی کێشەی نێوان گرووپە میلیشیاکان لەسەر دزینی نەوت و فرۆشتنەوەیان ، کێشە لەنێوانیان دروست بوە ، یەکێک لە گرووپە میلیشیاییەکان کە کە ماوەیەکە بەناوی روبعوڵا دروستبووە، دوو بیرە نەوتەکەی کەرکووکی تەقاندوەتەوە.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕای گەیاند “هەردووکی بیرە نەوتی 33 و 24ی کێڵگەی خەبازە کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای کەرکووک شەوی رابردوو بەبۆمبی چێندراو تەقێنراونەتەوە”.

گوتیشی “هێشتا ئاگری بیرە نەوتەکان کۆنترۆڵ نەکراوە، ئەمە سەرباری ئەوەی شەش تیمی ئاگر کوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکەن ئێستا هەردوو بیرەکەش بە تەواوی لە کارکەوتوون”.

كێڵگەی نەوتی خەبازە بە دووری 20 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای شاری كەركووك، رۆژانە 25 ھەزار بەرمیل نەوت لەو كێڵگەیە بەرھەم دەھێندرێت، لەدوای16ی ئۆکتۆبەرەوە بیرە نەوتەکانی کەرکووک لەژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق دان، و داهاتەکەشی ناروونە.

Back to top button