گوتەبێژی دەستەی گەشت و گوزار: دیزاین بۆ حەفتا پڕۆژەی گەشت و گوزار ئامادەکراوە

دەستەی گەشت و گوزار دیزاینی ٧٠ پڕۆژەی ئامادەکردووە و بڕیارە لە ڕێگەی وەبەرھێنانەوە دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت.

گوتەبێژی دەستەکەش دەڵێ: زۆربەی پڕۆژەکان ستراتیژین و دەکەونە دەرەوەی شارەکان.

ئیبراھیم عەبدولحەمید، گوتەبێژی دەستەی  گەشت و گوزار، ڕاگەیاند: ” شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی بریتانیایە و سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار لەگەڵ شاندی حکوومەتە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی بەریتانیا هان بدەن بێن لە کەرتی گەشت و گوزار  لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن و ڕۆڵیان ھەبێت لە گەشەپێدانی کەرتی گەشت و گوزاری ھەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی دەستەی گەشت و گوزار گوتی: ” دەستەی گەشت و گوزار دیزاینی بۆ ٧٠ پڕۆژە ئامادە کردووە و دەمانەوێ لەگەڵ وەبەرھێنەران ئەو ٧٠ پڕۆژەیە بخەینە بواری جێبەجێکردن، چاوەڕێی دەستەی گشتی وەبەرھێنانین بۆ ئەوەی پڕۆژەکان بخرێنە بەر دەستی وەبەرھێنەران بۆ ئەوەی کاریان تێدا بکرێت.

ئیبراھیم عەبدولحەمید ڕوونیکردەوە” ئەو پڕۆژانە زیاتر دەکەونە دەرەوەی شارەکان و بەشێکیان پڕۆژەی ستراتیژین، بە جێبەجێکردنیان کاریگەری زۆریان دەبێت لەسەر کەرتی گەشت و گوزار و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتیان، بەتایبەتی بۆ خەڵکی دەرەوەی شارەکان.

Back to top button