گوتەبێژی سۆسیالیت: کوڕەکەی عەلی باپیر سەرە ڕۆیە

 

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

بەھۆی لێدوان و نوسین و ڕەفتارەکانی کوڕەکەی عەلی باپیر ، گوتەبێژی حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت کوڕەکەی عەلی باپیر سەرە ڕۆیە.

ئەمڕۆ دووشەممە گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە توندی ڕەخنەی لە كوڕێكی عەلی باپیر گرت و رایگەیاند پێویستە کۆمەڵ بە فەرمی داوای لێبووردن لە حزبی سۆسیالیست بکات لەسەر قسەكانی كوڕە سەرەڕۆیەكەی عەلی باپیر بەرانبەر كاك محەمەدی حاجی مەحمود.
بەختیار کەریم گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند کاتێک پێشمەرگەکانی حزبی سۆسیالیست و خودی کاک محەمەدی حاجی مەحموود لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگدا بوون لە دژی داعش، عەلی باپیر تەنانەت بەدووربینیش بەرەکانی شەڕی نەدەبینی، ئیتر سەیرە کوڕێکی عەلی باپیر بە خراپ باسی سۆسیالیست و سەرۆكەكەی دەکات.
هەروەها گوتی کوڕەکەی عەلی باپیر گەنجێکی سەرەڕۆیە و بۆ خۆدەرخستن قسەی لەسەر سۆسیالیست كردووە، بۆیە ئێمە قسەی ئەو کوڕە بە بۆچوونی فەرمی کۆمەڵ نازانین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە كۆمەڵ بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبووردن لە حزبی سۆسیالیست و کاک محەمەدی حاجی مەحمود بکات.
گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست ئاماژەی بەوەش کرد كە حزبەکەیان ھەمیشە لە ڕووی ئەمنی و مەعنەویشەوە ھاوکاری عەلی باپیری کردووە، كەچی ئێستا کوڕێکی سەرەڕۆی عەلی باپیر دێت باسی حزبی سۆسیالیست و کاک محەمەدی حاجی مەحمود دەکات.

Back to top button