گومرگەکانی هەرێم: سەدا 85ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەتی هەرێمچۆنی

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەم چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم کراوە. ئاماژە بەوەش دەدات، دەروازە سنوورییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی باشتر لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن.

، چالاکی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی (کێشەی دەروازە سنوورییەکان لێکەوتەی لەسەر ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان) لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا بە هاوکاری دامەزراوەی NEDی ئەمەریکی لە شاری هەولێر ئەنجامدرا.

لەمیانی چالاکییەکەدا، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد. لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، چاکسازی باش لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، لەوانە “سیستەمی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانمان کردووەتە ئەلیکترۆنی. ئەو سیستەمە وایکرد دەستێوەردانی فەرمانبەران لەناو سیستەمەکە سفر بکرێتەوە، بەخێرایی ئیشوکارەکان بکرێن و هەڵە و کەموکورتییەکان کەمبکرێنەوە”.

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئیش و کارەکانیان بەڕێدەکەن، لە کاتێکدا دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە کاری دەستی ئیش و کارەکانیان دەکەن.

وەکو ئەوەی ساماڵ عەبدولڕەحمان باسی دەکات، “داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتی هەموو دەروازەکانی عێراق زیاترە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەروازەکانمان چەندین جار باشتر لە دەروازەکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن.”

لەبارەی بوونی گەندەڵیش لە دەروازە سنوورییەکان و نەگەڕاندنەوەی داهاتەکەیان بۆ گەنجینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، “بەرپرسانی حکوومەتی عێراق خۆیان دەڵێن، تەنها سەدا 10ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەت، بەڵام لای ئێمە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ هەموو ئەو گەندەڵییانەی باسدەکرێن، سەدا 85ـی داهاتی دەروازەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان”.

ساماڵ عەبدولڕەحمان ئەنجامدانی چاکسازی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی دیکە بە “کارێکی قورس” ناوبرد و دەڵێت، “دەبێت هەموو لایەکمان هاوکاربین لەگەڵ یەکدی بۆ ئەوەی چاکسازی لە هەموو کەرتێکدا بکرێت. بەرپەچدانەوەی گەندەڵی پێویستی بە بڕیاری قورس و بەرنامەیەکی پتەوە.”

Back to top button