گۆڕان بۆ عەلی باپیر: ئێوە هەڵوەریون و شەرمەزاریتان ئەوەیە بۆ رازیکردنی خەڵك وازتان لە ناوی ئاینەکەتان هێنا

گۆڕان بۆ عەلی باپیر: ئێوە هەڵوەریون و شەرمەزاریتان ئەوەیە بۆ رازیکردنی خەڵك وازتان لە ناوی ئاینەکەتان هێنا

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری عەلی باپیر لە بانگەشەی پارتەکەیدا لە شاری رانیە باسی “هەڵوەرینی” وەزیر و پەرلەمانتارەکانی گۆڕانی کردوو ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕان کۆمەڵیشی شەرمەزارکردووە.

لە وەڵامدا رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی عەلی باپیری داوەتەوەو بە “پارتێکی ئیسلامی ھەڵوەریو” لە بزووتنەوەی ئیسلامی ناویان دەبات و دەڵێت، شەرمەزاری ئەوەیە بۆ رازیکردنی خەڵك واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی!

وەڵامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە زاری دلێر عبدالخالق رێکخەری ژووری رۆژنامەوانیانەوە هێرشی زیاتر دەکاتە سەر عەلی باپیرو کۆمەڵی دادگەری و دەڵێت: “پارتێکی ئیسلامی ھەڵوەریو لە بزووتنەوەی ئیسلامی، کە بە ئەمری واقع لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی خۆیان کرانە ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆن. لەبری باسی کێشەکانی خۆیان و پەیوەندیی ژێربەژێریان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، پەلاماری بزووتنەوەی گۆڕان دەدەن”.

رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: “ئێمە ھێزێکی سەربەخۆین، لەژێر باڵی میللەتەکەی خۆمان گەورە بووین، خەڵکانێکیش پێشتر لە ژێر باڵی لایەنی دیکە و گۆڕان گەورەبوون و ئێستاش باسی شەرمەزاری دەکەن”.

وتەبێژەکەی گۆڕان لە بارەی لابردنی پاشگری ئیسلامی و دانانی ووشەی دادگەری لە ناوی حیزب و لابردنی ووشەی ئەمیر و دانانی ووشەی سەرۆك دەڵێت: “شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ رازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی! شەرمەزاری ئەوەیە لەناو ھێزەکەی خۆت، جگە لە زاواکەت متمانەت بە کەسی دیکە نەبێ، بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەر ئەو ئەندام بێ! بۆ پۆستی وەزیری کابینەی ھەشتەم ھەر ئەو! بۆ پەرلەمانی عێراق ھەر ئەو کاندید بکەی!”.

Back to top button