گۆڤاری فۆرن پۆڵیسی ئەمریکی: خەڵکی هەرێمی کوردستان پشت لە پەکەکە بکەن

لە دوای تەواوبوونی مەترسییەکانی داعش بۆ سەر کوردستان، ئێستا مەترسی پەکەکە لە ئارادایە، پەکەکە 37 پێگەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ناوچەیەکی بەرفراوانی خاکی هەرێمی کوردستانی بەدەستە.

لە دوو مانگی ڕابردوودا پەکەکە چەندیجار هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و چەند کەسێک لە هێزە ئەمنییەکانی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.

مەترسی هێرشی ئاسمانی تورکیا بەردەوام لە ئارادایە بەهۆی بوونی پەکەکە لەو ناوچانە.

لە دوای کۆبوونەوەی 9ــی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی، بەرەیەکی هاوبەشی نێوان ئەو دوو پارتەی پێکهێناوە بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی پەکەکە.

گۆڤارەکە لە زاری بەرپرسێکی ئاسایشی هەرێمەوە دەڵێت: بەرپرسێکی باڵای ئاسایش زۆر بە توندی دژی ڕەفتارەکانی پەکەکە قسەی کرد و وتی پەکەکە گوێ بۆ بەرپرسانی هەرێم ناگرن سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی درێژە بووەتە پەناگەی ئەوان، پەکەکە کێشەی دارایی و خێزانی خەڵک دەقۆزێتەوە تا پەلکێشیان بکەن بۆ ناو خۆیان و لە ئێستادا پەکەکە زیاتر لە کەڵتێک دەچێت نەک حزب.

بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، پەکەکە چەندین هەرزەکاری “ڕفاندووە” و تا ئێستاش کەسوکاریان هەواڵیان نازانێت، پەکەکە کادیر و ئەندامی خۆی دەنێرێتە کافتریا و ئەو شوێنانەی گەنجان و هەرزەکارانیان لێ کۆدەبێتەوە و لاوازییان دەقۆزێتەوە بۆ پەلکێشکردنیان بۆ قەندیل.

هەموو ئەم هۆکارانە وایانکردووە، خەڵکی هەرێمی کوردستان پشت لە پەکەکە بکەن، لە کاتێکدا پێشتر پاڵپشتییەکی زۆری هەبوو.

Back to top button